لە رانییە
دەستبەسەر 150 کیلۆ گۆشتی بەستوودا گیرا
964+
پێشەوا محەمەد
لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامیەتی قەزای رانییە دەستیان بەسەر 150 کیلۆ گۆشتی بەستوودا گرتووە و خاوەنی دوکانی گۆشتفرۆشەکانیان سزا داوە.
لیژنەکان سەردانی گۆشتفرۆشەکانیان کردووە، لە گۆشتفرۆشی ئاگرۆ میت 105 کیلۆ و لە گۆشتفرۆشی فەرمانی بەقاڵ 42 کیلۆ گۆشتی بەسەرچوو دەستیان بەسەردا گیراوە، کە “شیاوی خواردن نەبووە”.
کارزان سلێمان، سەرۆکی لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامیەتی رانییە بە 964ـی راگەیاند، ئەو گۆشتەی لەو دوکانانە بوو چەند جارێک خاو بووبووەوە و بەستبوویەوە و زۆر دەمێکیش بوو لەناو بەڕادا بوو، “یەکێکیا لە گۆشتفرۆشییەکان داخراوە و ئەوی دیکەش سزای مادی دراوە”.
وتیشی، “بە بەردەوامی چاومان لەسەر گۆشتفرۆشەکانە و زوو زوو لیژنەکانیان سەردانیان دەکەن و هەر سکاڵایەکی هاوڵاتیانیش هەبێت لەسەر هەر یەکێکیان راستەوخۆ لیژنەی بۆ دەنێرن”.
ناوشاری رانییە نزیکەی 50 گۆشتفرۆشی لێیە و قایمقامیەتی رانییە ئاگاداری کردوونەتەوە نابێت ئاژەڵ بەبێ ڤێتێرنەری سەرببڕن و پێویستە مۆڵەتی ڤێتێرنەریشیان هەبێت.
ڤێتێرنەری رانییە لە دوو هەفتەی رابردوودا مۆری گۆشتەکەی گۆڕیوە، بۆیە سەرۆکی لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامیەتی رانییە دەڵێت، “هەر کەلاکێک مۆری ڤێتێرنەریی راپەڕینی پێوەنەبێت لە گۆشتفرۆشییەکان دەستی بەسەردا دەگرن و خاوەنەکەشی سزا دەدەن”.