ئەمبۆلانس. وێنە:964
لە دیمەنی ناو فیلمەکان دەچێت
پۆلیسێک چوار منداڵی لە مردن رزگارکرد، بەڵام خۆی گیانی لە دەستدا
964+
ژووری هەواڵ
رێک وەک دیمەنی ناو فیلمەکان، پۆلیسێک لە دوا ساتەکاندا پاڵی نا بە چوار قوتابییەوە بۆ ئەوەی لە ئۆتۆمبێلێک دووریان بخاتەوە، بەڵام خۆی کەوتە ژێر ئۆتۆمبێلەکەو گیانی لەدەستدا.
رووداوەکە دوێنێ سێشەممە لە قەزای شامیەی سەر بە پارێزگای دیوانییە روویداوە، ئەم پۆلیسە لە بەردەم قوتابخانەی حەسان بن سابتی سەرەتایی وەستاوە کاتێک رووداوەکەی بەسەردا هاتووە.
ئەحمەد خزعەلی ئامۆزای پۆلیسەکە بە 964ی وت: رائید خزعەلی ئامۆزام نزیکبووە لە چوار قوتابییەکەوە، بینیوێتی تاکسییەک و پاسێکی کیا بە یەکیاندا داوە، یەکێک لە ئۆتۆمبێلەکان بە خێراییەکی زۆر رێی خۆی گۆڕیوەو بە ئاڕاستەی ئەوان هاتووە، ئەویش خێرا پاڵی ناوە بە چوار منداڵەکەوەو دووری خستوونەتەوە، بەڵام خۆی دەربازی نەبووە.
پۆلیسەکە کەوتووەتە ژێر پاسەکەو بۆ ماوەیەک لەگەڵ خۆی راکێشاوەو نەوەستاوەتەوە تا خۆی داوە بە ستوونێکی کارەبادا، بەو هۆیەوە پۆلیسەکە گیانی لەدەستداوە.
منداڵەکان سیانیان کوڕن و یەکێکیان کچە، کچەکە قاچی شکاوەو ئێستا لە نەخۆشخانە لەژێر چاودێریدایە.
پێداچوونەوەی: میدیا گۆران