ئافره‌تانی دهۆك بایكۆتی خولی عێراق ده‌كه‌ن
964+
زه‌ید كۆچه‌ر – دهۆك
به‌هۆی ناڕازیبوون له بڕیاره‌كانی فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق، یانه‌ی دهۆك له یارییه‌كه‌ی ئه‌مڕۆ له خولی فوتساڵی كچانی عێراق كشایه‌وه و هه‌ڕه‌شه‌ی كشانه‌وه له ته‌واوی خوله‌كه‌ش ده‌كات.
بریار وابوو ئەمڕۆ هه‌ینی 13ـی كانوونی دووه‌م، له خولی فوتساڵی كچانی عێراق، یانەی ئافرەتانی دهۆک له هۆڵی چالاكی وه‌رزشیی دهۆك، له‌گه‌ڵ یانه‌ی ئافرەتانی بەغدا یاری بكه‌ن، به‌ڵام به شێوه‌یه‌كی له‌ناكاو ئافره‌تانی دهۆك له یارییه‌كه كشانه‌وه و بڕیاریان داوه له خوله‌كه‌ش بكشێنه‌وه، ئه‌گه‌ر مه‌رجه‌كانیان جێبه‌جێ نه‌كرێن.
زنار زوبێر جێگرێ سەرۆکێ یانەی ئافرەتانی دهوک، به 964+ راگه‌یاند “ئێمە خۆمان ئامادەکردبوو بۆ ئەوەی یاری ئەنجام بدەین، بەڵام دواتر لە لایەن لیژنەی پێشبڕكێیه‌كان سه‌ر به فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق ئاگهدارکراینەوە، کە نابێت ئێمە بە دوو یاریزانی پیشه‌گه‌ر یاری بكه‌ین، ئێمەش دوو یاریزانی ئیرانیمان هەیە و پێشتر ئاگادارکراوینەتەوە دەتوانین دوو یاریزانی پیشه‌گه‌ر بگوازینه‌وه تیپه‌كه‌مان، به‌ڵام ئێستا دەڵێن ده‌بێت یاریزانێكی پیشه‌گه‌ر یاری بكات و ئه‌ویتر ده‌بێت یه‌ده‌گ بێت، واتا نابێت له یه‌ككاتدا پێكه‌وه له تیپه‌كه یاری بكه‌ن”.
وتیشی “ئێمه بەم بڕیاره لەناکاوە رازی نەبووین و له یارییه‌كه كشاینه‌وه، چونكه پێشتر ئێمه له‌م بڕیاره ئاگادار نه‌كراوینه‌ته‌وه، دەبوو پێشتر ئەم بریارە بە هەموو یانەکان رابگه‌یه‌ندرێت”.
زنار زوبێر ئاماژه‌ی به‌وه دا، ئه‌وان دوو یاریزانی پیشەگهریان هێناوە و گرێبه‌ستیان له‌گه‌ڵ كردوون و پێداویستییه‌كانیان بۆ دابینكردوون و خه‌رجییان بۆ كراوه”.
“نووسراوێک ئاراستەی فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق دەکەین، دوو مه‌رجمان بۆ گه‌ڕانه‌وه بۆ خوله‌كه ده‌بێت، یه‌كێكیان ئه‌وه‌یه ده‌بێت ئه‌م دوو یاریزانه یاری بكه‌ن، ئه‌ویتریش ئه‌وه‌یه له یاریی ئه‌مڕۆ به دۆڕاو هه‌ژمار نه‌كرێین و یارییه‌كه له كاتێكی دیكه‌دا بێته ئه‌نجامدان” زنار زوبێر وای وت.
جێگری سه‌رۆكی یانه‌ی ئافره‌تانی دهۆك رایگه‌یاند، ئه‌گه‌ر داواكارییه‌كانیان جێبه‌جێ نه‌كرێت، به‌شداری خوله‌كه ناكه‌ن و ده‌كشێنه‌وه.
ئه‌گه‌ر داواكارییه‌كانیان جێبه‌جێ نه‌كرێت، به‌شداری خوله‌كه ناكه‌ن و ده‌كشێنه‌وه
خولی فوتساڵی كچانی یانه‌كانی عێراق بڕیار بوو هه‌فته‌ی رابردوو ده‌ستپێبكات، به‌ڵام به‌هۆی به‌ڕێوه‌چوونی جامی كه‌نداو بۆ ئه‌م هه‌فته‌یه هاته دواخستن.
964+ ده‌زانێت، یانه به‌شداره‌كانی خوله‌كه هه‌شت یانه‌ن و پێكهاتوون له “دهۆک، رواندز، قوه‌ی جه‌وییه، زه‌وڕا، نه‌فتی شیمال، بیلادی، تیجاره و ئافرەتانی بەغدا”.