خۆی لەبارەی خەڵاتەکەوە چی دەڵێت

بەختیار عەلی خەڵاتی هیڵدا دۆمینی وەرگرت

964+

پێشەوا محەمەد

بەختیار عەلی، نووسەر و رۆماننووسی دیاری کورد، دوای ئەوەی لە 21.11.2023 وەک براوەی خەڵاتی هیڵدا دۆمین لە ئەڵمانیا دەستنیشان کرا، رۆژی سێشەممە لە مەراسیمێکدا لە “راتهاوس”ـی شاری هایدلبێرگ خەڵاتەکەی پێ درا.

هیڵدا دۆمین، دایکی پەخشانە شیعری ئەڵمانی و یەکێک لە هەرە گەورەترین شاعیرەکانی ئەڵمانییە لە سەدەی بیستدا، خۆی “هیڵدا دۆمین” یەکەمین براوەی خەڵاتەکەش بووە لە ساڵی 1992ـدا.

لیژنەی دادوەرانی خەڵاتی هیڵدا دۆمین لە راگەیەندراوی پێبەخشینی خەڵاتەکە، بۆ بەختیار عەلی نووسیویانە، “نووسین و کارە ئەدەبییەکانی بەختیار عەلی لە جیهانێکی پڕ لە قەیران و جەنگدا ئاوڕیان لە مرۆڤایەتی داوەتەوە، رۆمانەکانی چیرۆکگەلی گەورەی هاوڕێیەتی و خیانەت و ئازارن، چیرۆکی گەڕان بە دوای راستی و ئاشتبوونەوەن بەبێ تۆڵەسەندنەوە، ئەدەبیاتێکی جیهانیی پڕ لە سیحری هەیە بەبێ چاوپۆشین لە قێزەونییەکانی جەنگ”.

بەختیار عەلی پێشتر لە لێدوانێکی تایبەتدا بە 964ـی راگەیاندبوو، “ئەمە یەکەم جارە خەڵاتەکە ئاوڕ لە زمانەکانی دیکە دەداتەوە، جێگای بەختەوەری و شانازییە بۆ من چ لە خەڵاتی نیلی زاگس و چ لە خەڵاتی هیڵدا دۆمیندا، یەکەمین نووسەرێک بووم بە زمانە نائەوروپییەکان بنووسێت و ئەو خەڵاتانە وەربگرێت، ئەوە وەک جۆرێک لە شکاندنی هەژموونی زمانە ئەوروپییەکان دەبینم بەسەر خەڵاتەکاندا، دڵنیام ئەوە شتێکە بۆ مێژوو دەمێنێتەوە، چونکە شکاندنی هەژموونی زمانە ئەوروپییەکان بەسەر خەڵاتە جیهانییەکاندا، هێزێکی موعجیزەئاسای دەوێت”.

وتبووشی، “خەڵاتەکە بە موڵکی ئەدەبیاتی بێناز و بێخزمەتی کورد دەزانم، ئەدەبیاتێک زوڵم و ستەم نەیهێشتووە بناسرێت، شکاندنی ئەو دیوارە کە بە دەوری زمان و ئەدەبی کوردیدا هەڵچنراوە ئاسان نییە، من لەو ساڵانەدا چیم بۆ کرابێت و لە دەست و توانامدا بووبێت کردوومە، خۆشبەختم ببینم ئەدەبی کوردی سنوورەکان دەبڕێت و دیوارەکان دەشکێنێت. بەڵام ئەوەیە دوای هەموو رێزلێنانێکی وا بە بەها ئەرکەکان سەختتر دەبن”.

بەختیار عەلی ساڵی 2017 خەڵاتی نیلی زاگسی هەر لە وڵاتی ئەڵمانیا پێبەخشراوە.

هەریەکە لە رۆمانەکانی؛ شاری مۆسیقارە سپییەکان، دواهەمین هەناری دونیا، جەمشید خانی مامم کە هەمیشە با لەگەڵ خۆیدا دەیبرد، ئێوارەی پەروانە بۆ زمانی ئەڵمانی وەرگێڕدراون لەگەڵ کتێبی دوا خەندەکانی دیکتاتۆر، کە کتێبێکی فیکریی نووسەرە.

بەختیار عەلی سەبارەت بە وەرگرتنی خەڵاتی هیڵدا دۆمین بۆ...

بەختیار عەلی سەبارەت بە وەرگرتنی خەڵاتی هیڵدا دۆمین بۆ 964 دەدوێت