شارەوانی بەشێکی دیوارەکەی گوندی ئەڵمانی رووخاند
بەرپرسی خزمەتگوزاری گوندەکە: دەیانەوێ ئێرەش وەک گەڕەکەکانی تری سلێمانی خەڵکی تێدا بکوژرێت
+964
دیلان محەمەد -سلێمانی
شۆفڵەکانی شارەوانیی سلێمانی ئەم پێشنیوەڕۆیە بەشێکی پەرژینی گوندی ئەڵمانییان لە سلێمانی رووخاند، دەڵێن ناو ئەو پەرژینە زەوی خەڵکی تێدایە و نالیا رێگرییان لێدەکات.
ئەو شۆفڵانە ژمارەیەک پۆلیسیان لەگەڵ بوو، بۆ ئەوەی بتوانن بە باشی کارەکەی خۆیان بکەن، چونکە شارەوانی دەڵێت چەند جارێکی تر ئەم رێیەیان کردووەتەوە و کۆمپانیاکە دەیگرێتەوە.
یاسین حەمەرەشید یەکێکە لەو کەسانەی زەوییەکەی کەوتووە ناو پەرژینەکەی گوندی ئەڵمانییەوە، ئەویش لەگەڵ شارەوانی چووبوو بۆلای زەوییەکەی، لەوێ قسەی بۆ پەیامنێری 964 کردو وتی ”زەوییەکانی ئێمە لێرەیە، بەڵام سیاجیان بۆ کردووە و ناهێڵن بێینە ناوی”.
تیمەکەی شارەوانی لەلایەن عوسمان عارف بەرپرسی بەشی زیادەڕۆیی شارەوانییەوە سەرپەرشتی دەکرا، ئەویش دەیوت ئەمە سێیەم جارە ئەم رێیە دەکەنەوە، بەڵام کۆمپانیاکە دایدەخاتەوە.
عوسمان عارف بە 964ی وت ”هەشتا کەس لێرە زەوییان هەیە، خاوەن زەوییەکان سکاڵایان کرد، بۆیە ئەم رێگایەمان بۆ کردنەوە، چەند جارێک ئاگادارمان کردوونەتەوە، بەڵام ئەوان دیوارەکە لانابەن، ئەمڕۆش کە هاتین ویستیان رێمان لێبگرن، ئۆتۆمبێلێکیان لە بەردەم دیوارەکە راگرتبوو”.
گوندی ئەڵمانی لەسەر ئەم بابەتە قسەیەکی تری هەیە، ئەحمەد ساڵی عومەر، بەڕێوەبەری خزمەتگوزاری گوندی ئەڵمانی بە پەیامنێری 964ی وت ”رێگای تر هەیە بۆ ئەوەی خەڵکەکە بێنە ناو زەوییەکانی خۆیانەوە، ئێمە دیوارمان دروستکردووە تا ئەمنیەتی گوندی ئەڵمانی بپارێزین، بەڵام شارەوانیی سلێمانی دەیەوێت وەک گەڕەکەکانی تری سلێمانی بێ خزمەتگوزاری بێت و خەڵکی تێدا بکوژرێت، دڵنیام خەڵکی گوندی ئەڵمانی ئەمە قبوڵ ناکەن، ئەم قسەیەم بۆ هەڵبگرن بۆ شەش حەوت رۆژی تر”.