زێڕ و دۆلار؛ دوو هاوڕێی گیانی بە گیانی

964+

هێمن بەکر – هەولێر

ئێستا نرخی زێڕ و دۆلار بەرزە، تاوەکو ئەمیان نەیەتە خوارەوە، ئەویان هەر لە سەرەوە دەمێنێتەوە، پەیوەندییەکی بەهێزیان لەگەڵ یەکتری هەیە، بە قسەی شارەزایان.

سەرلەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە، نرخی 100 دۆلاری ئەمریکی یەکسان بوو بە 157 هەزار دینار.

نرخی یەک مسقاڵ زێڕی عەیارە 18 بە 355 هەزار دینارە، عەیارە 21 بە 420 هەزار دینارە و عەیارە 24 بە 475 هەزار دینارە.

لەوبارەیەوە، هەندرێن وەرتی، سەرۆکی لقی هەولێری سەندیکای زێڕینگەران بە 964+ وت، ئەگەرچی لە جیهاندا نرخی زێڕ بەرزبووەتەوە، بەڵام لە هەمان کاتدا بەشێک لە هۆکارەکەی پەیوەندی هەیە بە گرانی نرخی دۆلار لە ناوخۆ.

ئەو وتی، ئەگەر قسەکەی بانکی ناوەندیی عێراق بێتە دی و نرخی 100 بگەڕێتەوە بۆ 147 هەزار دینار، ئەوا نرخی زێڕیش بۆ هەر مسقاڵێک 30 هەزار دینار دادەبەزێت.

رۆژی سێشەممە، 10ی ئەم مانگە، بانکی ناوەندیی عێراق رایگەیاند، تاوەکو دوو بۆ سێ هەفتەی تر نرخی 100 دۆلار دەگەڕێتەوە بۆ 147 هەزار دینار.