لە سێ رووداودا
لە کەلار 12 کەس بە رووداوی هاتوچۆ بریندار بوون
964+
ژووری هەواڵ
ئەمڕۆ لە قەزای کەلار 12 کەس بەهۆی رووداوی هاتوچۆوە بریندار بوون، هاتوچۆی ئیدارەکەش دەڵێت، هەموو رووداوەکان لەجۆری پێکدادان بوون.
ئەمڕۆ هەینی 8.3.2024، مقەدەم سامان عەلی، وتەبێژی هاتوچۆی گەرمیان بە 964ـی راگەیاند، سێ رووداوی هاتوچۆی جیا جیا لە قەزای کەلار بووەتە هۆی برینداربوونی 12 کەس و هەموویان بە مەبەستی چارەسەر براونەتە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی شەهید هەژار.
سەختترین و دواین رووداویان لە رێگەی گوندی بەردەسوری کۆن روویداوە لەنێوان سێ ئۆتۆمبێلی جۆری شۆفرلێت ئۆپترا، هۆندا سەنتافی و کیا ئۆپتیما، کە بووەتە هۆی بریندار بوونی نۆ کەس.
“بریندارەکان پێکهاتوون لە شۆفێر و پێنج سەرنشینی ئۆتۆمبێلی هۆندا سەنتافی لەگەڵ برینداربوونی شۆفێر و دوو سەرنشینی کیا ئۆپتیما، ئۆتۆمبێلەکان بەئاراستەی کەلار هاتوون”، هاتوچۆی گەرمیان وا دەڵێت.
یەکێکی دیکە لە رووداوەکان لەنێوان مینی پاسێکی جۆری هۆندا و ماتۆرسکیلێک بووە کە بەهۆیەوە لێخوڕ و سەرنشینی ماتۆڕسکیلەکە بریندار بوون.
دووەم رووداویش لە جوتسایدی کەلار- باوەنور، لە ملەی بەردەسوور روویداوە لەنێوان دوو ئۆتۆمبێلی جۆری تۆیۆتا کراون و هۆندا ئەکسنت کە بووەتە هۆی برینداربوونی سەرنشینێکی هۆنداکە.