کۆمەڵەیەک سکاڵاکە تۆمار دەکات
سکاڵا لەسەر ئەو پڕۆژە نیشتەجێبوونانە تۆمار دەکرێت پارەی هاوڵاتیانیان لایە
964+
پێشەوا محەمەد
کۆمەڵەی راوێژکاری و نێوەندگیریی خانووبەرە رایدەگەیەنێت، سکاڵا لەسەر ئەو پڕۆژە نیشتەجێبوونانە تۆمار دەکەن، کە پارەی خەڵکیان لایە، یان پڕۆژەکەیان جێهێشتووە یاخود بە سستی کاردەکەن.
کۆمەڵەکە کە کۆتاییەکانی ساڵی رابردوو مۆڵەتی لە وەزارەتی ناوخۆی هەرێم وەرگرتووە رایگەیاندووە، پشتگیریی هەر خۆپیشاندانێک دەکەن کە کڕیارانی پڕۆژەکان بۆ وەرگرتنەوەی مافی خۆیان بە ئەنجامی دەگەیەنن.
رابەر وەرتی، جێگری سەرۆکی کۆمەڵەی نێوەندگیری و راوێژکاریی خانووبەرە بە 964ـی راگەیاند، لە دوای مانگی رەمەزانەوە دەستدەکەن بە تۆمارکردنی سکاڵا لەسەر ئەو پڕۆژانەی مافی خەڵکیان لایە و پڕۆژەکانیان تەواو نەکردووە یان بە سستی کاری تێدا دەکەن.
وتیشی، “کۆمەڵەکەی ئێمە لەپێناو مافی کڕیار و کۆمپانیاکانی عەقاراتدا کار دەکات و بەدوای بەدەستهێنانەوەی مافەکانیاندا دەچێت”.
“بە هیچ شێوەیەك رێگە نادەین پارەی هاوڵاتیان بەهەدەر بچێت و خاوەن پڕۆژە و کۆمپانیاکان پڕوپاگەندەی ناڕاست بۆ ساغکردنەوەی یەکەکانیان بەکاربهێنن”، رابەر وەرتی وای وت.