"هاوردەی بەنزین رادەگرین"

وەزیری نەوتی عێراق: لەسەر یاسای نەوت و غاز کۆبوونەوەکانمان لەگەڵ هەرێم وەستاون

964+

پێشەوا محەمەد

وەزیری نەوتی عێراق ئاشکرای کردووە هەندێ رووداو گفتوگۆی نێوان هەرێم و بەغدای لەسەر یاسای نەوت و غاز وەستاندووە، دەشڵێت، تا 2025 هاوردەی بەنزین لە دەرەوە رادەگردن.

حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عێراق لە دووەم رۆژی کۆڕبەندی ئەلڕافیدەین، کە لە شاری بەغدا رێکخراوە وتی، “لەگەڵ هەرێمی کوردستان لە زیاتر لە کۆبوونەوەیەکدا گفتوگۆ کرا بە ئامانجی ئامادەکردنی رەشنووسی یاسای نەوت و غاز، بڕگەیەکی زۆریش گفتوگۆی لەسەر کرا، بەڵام هەندێک رووداو دیالۆگەکانیان راگرت”.

لەبەرئەوەی عێراق بە رێژەی 90% پشت بە داهاتی نەوت دەبەستێت، بۆیە ئەو وەزیرە رایگەیاندووە، هەموو تواناکانیان خستووەتەگەڕ تا بەرهەمهێنان زیاد بکەن.

دەشڵێت، “عێراق ساڵانە بە بەهای پێنج ملیار دۆلار و رۆژانە بڕی زیاتر لە 16 هەزار کیلۆمەتر سێجا بەنزینی هاوردە دەکرد، بەڵام ئێستا بۆ پێنج هەزار کەم بووەتەوە و تا ساڵی 2025ـیش هاوردەکردنی بەنزین رادەگرین”.

‘ئەو پاڵاوگانەی باکوور کە لە لایەن باندە تیرۆریستییەکانی داعشەوە لەناوبرابوون، بەم دواییە گەڕێندرانەوە بۆ کارکردن بە توانای 150 بەرمیل لە رۆژێکدا”، ئەوەش قسەی وەزیری نەوتی عێراقە.

چالاکییەکانی کۆڕبەندی ئەلڕافیدەین بە دروشمی ئاییندەی مرۆڤ؛ قەیرانەکان و گۆڕانکارییەکان، بە ئامادەبوونی بەرپرس و کەسایەتییە سیاسی و دیپلۆماسییەکان رێکخرابوو.

ناکۆکییەکانی هەرێم و بەغدا لە یاسای نەوت و غاز لەسەر چی...

ناکۆکییەکانی هەرێم و بەغدا لە یاسای نەوت و غاز لەسەر چییە؟