150 هەزارەکەى مامۆستایان دەبڕدرێت
964 زانیاریى نوێ لە بارەى هاتنى موچە ئاشکرا دەکات
964+
وریا فەتاح
تائیستا وەزارەتى دارایى هەرێم لیستى موچەى رەوانەى بەغداد نەکردووە، ئەو پارەیەى ئەمڕۆش بە ئۆتۆمبێل گواسترایەوە پەیوەندى بە موچەوە نەبوو، 150 هەزار دینارى دەرماڵەکەى مامۆستایانیش دەبڕدرێت.
964 بەدواداچوونى بۆ موچەى مانگى شوبات کرد، سەرچاوەیەکى باڵاى حکومەتى هەرێم پێى وتین،”تا ئێستا لیستى موچەى فەرمانبەران رەوانەى بەغداد نەکراوە و پێناچێت سبەینێش رەوانە بکرێت”.
وتیشى،”ئەوەى بڵاوکرایەوە لە بارەى ئەو پارەیەى ئەمڕۆ بە ئۆتۆمبێل گواستراوەتەوە، هیچ پەیوەندییەکى بە موچەوە نەبووە، بەڵکو جوڵەى رۆژانەى پارەى بانکى مەرکەزییە لەگەڵ بانکە ئەهلییەکان”.
سەرچاوە باڵاکەى حکومەت باسى لەوەش کرد، پارەى موچە بە ئۆتۆمبێل نایەت، بەڵکو دەخرێتە سەر هەژمارى بانکى وەزارەتى دارایى لە لقى هەولێرى بانکى مەرکەزى.
لە بارەى 150 هەزار دینارەکەى دەرماڵەى مامۆستایان کە تایبەتە بە فەرمانبەران و مامۆستایانى وەزارەتى پەروەردە و دەرماڵەیەکى تایبەتە، سەرچاوەکە جەختى لەوە کردەوە، ئەگەر موچەى فەرمانبەرانى هەرێم بچێتە سەر بەغدا، بە دڵنیاییەوە ئەو 150 هەزار دینارە دەبڕدرێت، چونکە لە بەغدا هیچ شتێک نییە بەناوى ئەو دەرماڵەیە و لەوێ مامۆستایان وەرى ناگرن.