بە 50 ساڵ تەمەنەوە وازی رووسی دەبێتە دڵخوازی گەنجان

964+

میلاد جەلال – کەلار

جێبی رووسی مێژوویەکی درێژی لەگەڵ شاری کەلاردا هەیە، هەرچەندە ئێستا کەمتر بووەتەوە، بەڵام تاکە هۆکاری گواستنەوە بووە لە شارەکەدا  وئێستاش بەکار دەهێنرێت.

لە ئێستادا بەمەبەستی لە ناوچوونی جێبە رووسیەکانی کەلار، بەشێکی زۆری ھاوڵاتیان دەسکاریان دەکەن و نوێیان دەکەنەوە، بۆ ئەوەی لە لەناوچوون بیان پارێزن، زیاتر دەستکاری مەکینە و گێڕەکانیان دەکەن چونکە زۆربەی جێبەکان تەمەنیان زۆرە و گێڕ و مەکینەیان ماندوە و نوێیان دەکەنەوە

رێباز مەجید، فیتەری جێب بۆ 964+ دواو دەڵێت، “ماوەی 17 ساڵە کاری سەرەکی من چاککردن و نوێکردنەوەی گێڕ و مەکینەی جێبی رووسییە، حەزێکی زۆرم بۆ جێب هەیە بۆیە ساڵانێکی زۆرە خۆمیش بەکاری دەهێنم، جێبەکەم نزیکەی دە ساڵە کڕیومە گۆڕانکاری زۆرم تێداکردوە و بەشیکی زۆریم گۆڕیوە بۆ ئەوەی لەناو نەچێت.

 عیمران عومەر، هاوڵاتیەکی دیکەیە کە تەمەی سەروی 50 ساڵە، ئەو دەڵێت هەر لە تەمەنی گەنجییەوە حەزی زۆری بۆ ئۆتۆمبێلی جۆری جێبی رووسی هەبوە، لە ساڵی 1990ەوە تا ئێستا تەنها جێب بەکاردەهێنێت، چونکە بەهێز و قایمە و بەرگەی سەختی ناوچەکە دەگرێت.

ئەگەر گوزەرێک بەنێو شاری کەلاردا بکەیت، دەیان جێبی کۆن و نوێ دەبینیت و بونەتە سیمای شارەکە، چونکە زیاتر لە نیو سەدەیە جێبی ڕووسی لەگەرمیان بوونی هەیە، سەرەتا هاوڵاتیان بۆ هۆکاری گواستنەوە بەکاریان دەهێنا، بەڵام لە ئیستادا زیاتر گەنجان جێبە کۆنەکان نوێدەکەنەوە و بۆ جوانی و کەیف خۆشی بەکاری دەهێنن.