راهێنانیان پێدەکرێت
کونسوڵخانەی ئەمریکا رۆژنامەگەری بنکۆڵکاری برەو پێدەدات
964+
ژووری هەواڵ
کونسوڵخانەی ئەمریکا لە هەولێر پڕۆگرامێکی تایبەت بە رۆژنامەگەریی بنکۆڵکاری بۆ نزیکەی 30 رۆژنامەنوس لە ناوچە جیاجیاکانی هەرێمی کوردستان رێکخستووە و پاڵپشتی دارایی پرۆگرامەکە دەکات.
ئەمڕۆ دووشەممە 26.2.2024، کونسوڵخانەی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان رایگەیاند، پرۆگرامێکیان دەستپێکردووە کە ئامانج لێی راهێنانی رۆژنامەنوسانە لەسەر پێوەرە پیشەییەکان و رێکارە بنکۆڵکارییەکان و لێهاتوویی نووسین لە بواری رۆژنامەگەریی بنکۆڵکارییدا.
حەوت بیرۆکەی کارکردن لە رۆژنامەنوسە بەشدارەکانی نێو پرۆگرامەکە وەردەگیرێت و کاریان لەسەر دەکرێت، پاش هەڵسەنگاندن بەشێک لە راپۆرتەکان هەڵدەبژێردرێن و ئەو رۆژنامەنوسانە خەڵاتدەکرێن کە بە سەرکەوتووی بنکۆڵکاریان ئەنجامداوە و هەر یەکەو بڕی 500 بۆ 700 دۆلاریان پێدەدرێت.
وریا حەمەکەریم، یەکێکە لە رۆژنامەنوسە بەشدارەکانی نێو پرۆگرامەکە، ئەو بە 964ـی وت، “راهێنانەکان بۆ ئەوەیە رابێین لەسەر ئامادەکردنی راپۆرتی بنکۆڵکاری، حەوت بیرۆکەی رۆژنامەنوسە بەشداربووەکان وەردەگیرێت بۆ ئەوەی بیانکەین بە راپۆرتی بنکۆڵکاری و دواتر موکافەئە دەدرێت بەوانەی بە سەرکەوتووی راپۆرتەکەیان ئامادەکردووە”.
کونسوڵخانەی ئەمریکا دەڵێت، خۆیان پاڵپشتیی دارایی پڕۆگرامەکە دەکەن و تۆڕی پەیامنێرانی عێڕاق بۆ ڕۆژنامەگەریی بنکۆڵکاریی (NIRJ) جێبەجێی دەکەن.
“کونسوڵخانەی گشتیی ئەمریکا پابەندە بە کارکردن لەگەڵ هاوبەشانی خۆجێیی و نێودەوڵەتی بۆ برەودان بە ئازادیی میدیا و میدیای بەرپرسیار”، کونسوڵخانەی ئەمریکا وا دەڵێت.