لە چ شوێنێکی کوردستانە؟
ماسییە دەگمەنەکەی جیهان دەرکەوتەوە
964+
بەرزان عوسمان – سورداش
دوای ئەوەی لە تۆڕی کۆمەڵایەتییهكان وێنەی جۆرێک ماسی رەنگ پەمەیی بڵاوکرایەوە، دهركهوت ماسییەکە لە کانییەکی چەمی تابین لە سنووری گوندی کانی شۆک لە سنووری ناحیەی سورداش دەرکەوتوە، پەیامنێری 964 سەردانی کانییەکەی کرد و بهدواداچوونی بۆ كرد.
عوسمان محەمەد، دانیشتوی گوندی کانی شۆک، بە 964 یی وت، “ئهو جۆره ماسییە بۆ یەکەمجار لە ساڵی 2016 لە کانی گوندی كانی شۆك دەرکەوت و بەلای دانیشتووانی گوندەکەمان شتێکی دەگمەن و ناوازە بوو، چونکە لە مێژووی گوندەکەماندا شتی وا رووی نەدابوو”.
” دوای بڵاوبوونهوهی وێنهی ماسییهكان له سۆشیال میدیا، رۆژانە هاوڵاتیان سەردانی گوندەکەمانیان دەکرد بۆ بینینی ماسییەكان، ئهو كات و چەند ساڵێکی دیكهش دەرکەوتوونهتەوە، بەڵام بەو زۆریەی ئێستا نا، چەند مامۆستایەکی زانکۆی سلێمانیش لەو ساڵە هاتن بۆ سەردانی کانییەکە”، عوسمان محهمەد وای وت.
964 دوو رۆژ سۆراغی ئهم بابهتهی كرد و لهگهڵ ئهو تیمهی زانكۆی سلێمانیش گفتوگۆی كرد، كه ساڵی 2016 سەردانی کانییەکەیان كردبوو.
یونس سابیر مامۆستا لە زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی، کە دکتۆرای لە زیندەزانی مشەخۆری ماسییەکان هەیە، سەرۆکی ئەو تیمەی زانکۆی سلێمانی بووە و توێژینەوەیان لەسەر ئەو ماسییە کردوە.
ئهو بۆ 964ـى وتی، “ئەو جۆرە ماسییە هەیە و چاوی نابینێت و کوێرەماسییە، ئەمهش سەرنجی راکێشام و لەگەڵ تیمێکی زانکۆی سلێمانی سەردانی کانیەکەمان کرد و چەند ماسییەکمان بۆ توێژینەوە بردەوە بۆ زانکۆ”.
باس لەوەدەکات،” دوای توێژینەوە، چەند جیاوازییەکی ئەم ماسییەمان بۆ دەرکەوت، ماسییەکە چاوی نییە و کوێرە، پێست یان سمێڵی بەکاردێنێت بۆ هەستکردن و قەبارەی دە سانتیمەتر دەبێت و گەورە نابێت، گۆشتخۆر و رووەکخۆریشە، بە پوولەکە دانەپۆشراوە و پێستێکی تەنکی هەیە، ئێسکە پەیکەری بچوکە، بەڵام سەر بە پۆلی ماسییە ئێسکدارەکانە”.
دەڵێت، دوای لێکۆڵینەوە بۆمان دەرکەوت هاوشێوەی ئەم ماسییە لە ساڵی 1976 لە ناوچەی لوڕستانی وڵاتی ئێران تۆمار کراوە، کە ناسراوە بە “کوێرە ماسی ئەشکەوت” و ناوە زانستییەکەی(Eidinemacheilus smithi) ئەدیمی ماچلەس سیمسی.
ئهو مامۆستایهی زانكۆ دهڵێت، ئەم جۆرە ماسییە بەهۆی کۆبوونەوەی ئاو لە ئەشکەوتەکان و پڕبوونیان، ئاوەکە هاتووهتە دەرەوە و ماسییەکەی لەگەڵ خۆی هێناوەتە دەرەوە، هەر ساڵێک باران زۆر ببارێت و ئاو زۆربێت، ئەو ماسییەش لەو کانییەدا دەردەکەوێت”.
تیمەکەی زانکۆی سلێمانی بۆیان دەردەکەوێت، کە ئەم جۆرە ماسییە دەگمەنە، بڕیاریان دا بۆ توێژینەوەی زیاتر چەند ماسییەک لە رێگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانییهوه بنێرنه ئەڵمانیا .
یونس سابیر روونیكردهوه، “لە رێگەی یۆرگ فریهۆفی زانای ئەڵمانی بواری ماسی و زیندەی هەمەجۆری، كه هاوڕێمه و پێشتر چەندین کاری مەیدانیمان پێکەوە کردووه، دوای بەدەست گەیشتنی ماسییەکان، توێژینەوەی لهسهر كردووه و دوای پشکنینی (DNA) بۆ ماسییەکە، دەرکەوت جۆرێکی جیاوازە لە سەرتاسەری جیهان و سەر بە هەمان رەگەزی ئەو ماسییەیە، لە ساڵی 1976 لە ئێران دۆزراوەتەوە”.
” چەند ناوێکمان بۆ ماسییەکە پێشنیار کرد، بەڵام لە کۆتاییدا لەسەر پێشنیاری یۆرگ فریهۆف ماسییهکەمان ناونا، (ئیدینیما چیلەس پراودلەڤ)، کە ناوە زانستییەکەی ماسییەکەیە وەک رێزێک بۆ زانای گەورەی ئینگلیزی گراهام پراودلەڤ، کە هەموو ژیانی تەرخان کردبوو بۆ لێکۆڵینەوە لەسەر زیندەوەرانی ژێرزەوی”، یونس سابیر وای وت.
ئاماژه بهوهش دهكات، توێژینەوەکەیان لە گۆڤاری گەورەی زانستی، Zootaxa، زوتاکسا لە 5.8.2016 بڵاو کردەوە، کە گۆڤارێکی زانستیی نێودەوڵەتیی ئاستبەرزە، تایبەتە بە زیندەوەران و بنکەی سەرەکی لە ئۆکلاندە لە وڵاتی نیوزیلەندا، ئەوەش دەنگدانەوەی هەبوو کە تیمێکی کورد بە هاوکاری رێکخراوە جیهانییەکان ماسییەکی نوێیان لە هەرێمی کوردستان تۆمارکرد”.
چەمی تابین، دەکەوێتە گوندی کانی شۆک لە ناحیەی سورداش له قەزای دوکان، سەر بە پارێزگای سلێمانی.
پێداچوونهوه: ئهرسهلان عهبدوڵا