چاندنی نەمام لە دەربەندیخان.وێنە.قایمقامیەتی دەربەندیخان
بە هەڵمەتێک
دەربەندیخان سەوز دەکرێت
964+
توانا نەقی
لە سبەینێ سێشەممەوە بۆ زیاتر سەوزکردنی نێوان شەقامەکانی دەربەندیخان دەست دەکرێت بە چاندنی چەندین نەمامی تایبەتمەند، کە لە داهاتوودا سیمایەکی جوانتر بە قەزای دەربەندیخان دەبەخشێت.
چاندنی ئەو نەمامانە لە چوارچێوەی هەڵمەتی زیادکردنی سەوزایی دەبێت لە دەربەندیخان و هەڵمەتەکە بەردەوام دەبێت.
سلێمان محەمەد قایمقامی دەربەندیخان بە 964ـی وت، هەڵمەتەکە لە فلکەی کانی ساردەوە دەستپێدەکات وەک قۆناغی یەکەم تا دووڕیانی کەلار – دەربەندیخان، کە بە فلکەی گومرگ ناسراوە.
وتیشی، جۆری دارەکان ئەلبیزیایە و ئەو دارانەی دەیچێنن، تەمەنیان دوو ساڵە و زۆر بەرز دەبن و دیمەنێکی جوان بە شەقامەکان دەدەن.
“ژمارەی دارەکان لەم قۆناغەدا 300 دارە و هەندێک دار لە ناوەڕاستی شەقامەکە فەوتاون و هەندێک شوێنێش هەر داری لێنەبووە، بۆیە هەم لە شوێنی دارە فەوتاوەکان و هەم شوێنە بەتاڵەکانیش پڕ دەکەنەوە”، قایمقامی دەربەندیخان وای وت.
دارەکان لەسەر ئەرکی قایمقامیەتی قەزاکە دەکڕدرێن و داواش لە هاوڵاتیان دەکەن پارێزگارییان لێ بکەن.
قەزای دەربەندیخان سەر بە پارێزگای سلێمانییە و دەکەوێتە نێوان ئیدارەی گەرمیان و پارێزگای سلێمانی.