خاوەن ماڵەکان چیرۆکەکە دەگێڕنەوە

زیاتر لە 100 ماڵى کەلارى نوێ لافاوەکە چووەتە ماڵیانەوە

964+

میلاد جەلال- گەرمیان

بەهۆى بارانەکەى شەوى رابردووى گەرمیان، زیاتر لە 100 ماڵى گەڕەکى کەلارى نوێ لافاوەکە چووەتە ماڵیان و وەک خۆیان دەڵێن، هیچیان بۆ دەرنەچووە و هەر فریاکەوتوون خۆیان دەرباز بکەن.

شەوى رابردوو لە کاتى بارانە بە لێزمەکەى سنوورى گەرمیان، ئاگاداریى و هۆشدارى لە بڵندگۆى مزگەوتەوە دەبیسترێت و دانیشتوانى پشت گەڕەکى کەلارى نوێ، بە خێرایى خۆیان کۆدەکەنەوە و منداڵەکانیان دەرباز دەکەن، بەڵام کاتێک پیاوەکان دەگەڕێنەوە بۆ دەربازکردنى پێویستییە سەرەکییەکان، لافاوەکە دەگات و بە بەرزى یەک مەتر و نیو دەچێتە ماڵەکانەوە.

یەکێک لە دانیشتوانى گەڕەکەکە بە 964ـی وت،”هەر فریاى ئەوە کەوتین منداڵەکانمان دەرکەین و بە خێرایى ئاو گەڕەکەکەمانى داپۆشى”.

ئەوان جگە لەوەى پڕخەمن بەوەى کە ئاو چووەتە ماڵەکانیان و سەرجەم کەلوپەلەکانیان تێکەڵى قوڕ و لیتەى لافاوەکە بووە، بەڵام دڵخۆشن بەوەى زیانەکان مادین و هیچ زیانێکى گیانى نەبووە.

یەکێکى تر لە دانیشتوانى گەڕەکەکە چیرۆکەکە بۆ 964 دەگێڕێتەوە و دەڵێت: دواى دەربازکردنى ژن و منداڵەکانمان کاتێک گەڕاینەوە لافاوەکە هات و بەپەلە خۆم گەیاندە سەربانى ماڵەکەمان، لە کاتژمێر 11:00ى شەو تا کاتژمێر 5:00ى بەرەبەیان لەسەربانەکە و لە بەر بارانەکە مامەوە و نەمتوانى بێمە خوارەوە”.

964 دەزانێت، بەهۆى لافاوەکەى شەوى رابردوو، زیاتر لە 100 ماڵى پشت گەڕەکى کەلارى نوێ ئاو چووەتە ماڵیان و کەلوپەلى ماڵەکانیان تێکەڵى قوڕ و لیتە بووە و زیاتێکى زۆریان بەرکەوتووە.

پێداچوونەوە- وریا فەتاح

له‌ هه‌ولێر لافاو له‌ پردی سه‌یداوه‌ روویداوه‌ و چه...

له‌ هه‌ولێر لافاو له‌ پردی سه‌یداوه‌ روویداوه‌ و چه‌ند ئۆتۆمبێلێك ژێرئاو كه‌وتن