65 ملیۆن دیناریان تێدەچێت
دوو جۆگای ئاودێریی سکتان و دیانا چاکدەکرێنەوە
964+
پێشەوا محەمەد
رێکخراوێکی نێودەوڵەتی دوو جۆگای ئاودێری لە سنووری ناحییەی سەروچاوەی ئیدارەی راپەڕین چاکدەکەنەوە و لە ئێستادا دەستیان بە کارکردن کردووە.
دوو جۆگاکە یەکێکیان دەکەوێتە خوارووی بەنداوی سەروچاوە و ئەوی دیکەشیان دەکەوێتە سەرووی بەنداوەکە و زیاتر لە هەزار دۆنم زەوی کشتوکاڵی لە رێگەی ئەو دوو جۆگایەوە ئاودێری دەکرێن.
ئیبراهیم مەحمود، بەڕێوەبەری ناحییەی بێتواتە بە 964ـی راگەیاند، رێکخراوی WFP کارەکەی گرتووەتە ئەستۆ و نۆژەنکردنەوە و چاککردنەوەی جۆگەکان 65 ملیۆن دیناریان بۆ تەرخان کراوە.
وتیشی، “لە کاتی کارکردندا دەرکەوت کاتی خۆی کە دروستکراون ساڵی 2009 هیچ تێکەڵڕێژێک لە ژێرەکەیاندا نەبووە بۆیە رۆچوون، ئێستا داوا لە رێکخراوەکە کراوە رەزامەندی بدا بەر لە دروستکردنەوەیان تێکەڵڕێژیان بۆ بکرێت تا بە ئاسانی رۆنەچنەوە”.
هەمان رێکخراو کار لە دروستکردنی دارستانێکی دەستکرد دەکات لەو ناحییەیە لەسەر رووبەری 50 دۆنم زەوی، کە بە وتەی بەڕێوەبەری ناحییەی بێتواتە رێژەی سەوزایی لە سنوورەکە 13% بەرز دەکاتەوە.