دوو پەرلەمانتار سکاڵایان هەیە
دادگای فیدڕاڵی لەبارەی داخستنی ماڵپەڕە نەشیاوەکان کۆدەبێتەوە
964+
ژووری هەواڵ
دادگای فیدڕاڵی عێراق لەسەر دوو سکاڵای تایبەت بە داخستنی ماڵپەڕە سێکسییەکان کۆدەبێتەوە کە لەلایەن دوو پەرلەمانتارەو پێشکەشکراوە و داوای سزای تووند بۆ ئەو کەسانە دەکەن کە پەرە بەو ماڵپەڕانە دەدەن و بلۆکی سەر ئەو جۆرە وێبسایتانە دەشکێنن.
بەگوێرەی خشتەی دانیشتنەکانی دادگای باڵای فیدڕاڵی عێراق، ئەمڕۆ یەکشەممە 28.1.2024 کۆبوونەوەکە بەڕێوەدەچێت و ئەو سکاڵایانەی تاوتوێدەکرێن دژی چوار بەرپرسی باڵای عێراق تۆمار کراون، لەنێویاندا سەرۆکوەزیران.
پەرلەمانتار سعود ساعیدی، سەرۆکی فراکسیۆنی حقوقی کەتیبەکانی حیزبوڵڵای عێراق یەکێکە لە سکاڵاکارەکان، کە داوای دەرکردنی یاسایەک دەکات لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بەمەبەستی سەپاندنی سزای جەستەیی و دارایی تووند بەسەر ئەو کەسانەدا کە فیلم و وێنە لە ماڵپەڕە سێکسییەکان بڵاودەکەنەوە و پەرە بەو ماڵپەڕانە دەدەن و بلۆکی سەر ئەو جۆرە وێبسایتانە دەشکێنن.
لە سکاڵاکەیدا، سعود ساعیدی، تۆمەتی ئاراستەی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق؛ سەرۆکی پەرلەمان و وەزیری گەیاندن کردووە بەوەی رێوشوێنی پێویستیان نەگرتووەتەبەر بۆ قەدەغەکردنی ئەو ماڵپەڕانە.
سکاڵاکارەکەی دیکە پەرلەمانتار باسم خەشانە، لە دژی وەزیری گەیاندن و سەرۆکی دەستەی راگەیاندن و گەیاندنی عێراق تۆمارکراوە و داوایکردووە، ئەو شتانە قەدەخە بکرێن کە لەگەڵ بەها و رەوشتەکانی کۆمەڵگەی عێراق ناگونجێن.