رزگار کران
لە بەغداوە هاتن و لەناو بەفری چۆمان گیریانخوارد
964+
ئاکام غەفور – سۆران
چوار گەشتیار لە بەغداوە بۆ گەشتی ناو بەفر هاتبوون بۆ گوندی وێزێ لە چۆمان، بەڵام ئۆتۆمبێلەکەیان گیری خوارد و بەرگری شارستانی چۆمان رزگاری کردن.
ئەمڕۆ شەممە ئەو گەشتیارانە روویان لەو ناوچەیە کردبوو، وەک لە وێنەکان دەردەکەوێت گەشتیارەکان ئۆتۆمبێلێکی جۆری دۆجیان لابووە، دوای چەند کاتژمێرێک گیرخواردن، ئینجا توانرا خۆیان و ئۆتۆمبێلەکە لەو شوێنە بگوازنەوە.
رەوەند هاودیانی وتەبێژی بەرگری شارستانی سۆران بە 964ـی وت، ئەو گەشتیارانە لە بەغدا هاتبوون بۆ ناوچەکە، چەند کاتژمێرێک لەناو بەفر گیریانخواردبوو، تیمی بەرگری شارستانی دوای چەند کاتژمێر هەوڵ دواجار توانیان ئەو گەشتیارانە بە سەلامەتی رزگار بکەن.
ئەمساڵ ئەوە دووەم حاڵەتی گیرخواردنی گەشتیارانە لەناو بەفر، حاڵەتی یەکەم 14 ئەم مانگە بووە، 12 هاوڵاتی لەناحیەی سمێلان گیریانخواردبوو دواتر رزگار کرابوون.