لە ساڵی رابردوودا
رووداوی هاتوچۆ هۆکاری زۆرترین گیانلەدەستدان بووە لە سلێمانی
964+
پێشەوا محەمەد
بەپێی ئەو ئامارەی 964 لە پزیشکی دادی سلێمانییەوە وەریگرتووە، رووداوی هاتووچۆ بە 140 حاڵەتی گیانلەدەستدان، هۆکاری زۆرترین مردن بووە لە سلێمانی لە ساڵی رابردوودا.
بە پێ ئامارەکە، ساڵی رابردوو 592 حاڵەتی مردن لە پزیشکی دادی سلێمانی تۆمارکراوە، 140یان بە رووداوی هاتوچۆ گیانیان لەدەستداوە و لەو رێژەیەش 121 کەسیان لە رەگەزی نێر بوون.
بەختیار رەشید، پزیشکی پسپۆڕی دادی بە 964ـی راگەیاند، زیاتر لە 40 حاڵەتی گیانلەدەستدانەکان شۆفێری ماتۆڕسکیل بوون و “بەهۆی بەکارنەهێنانی ئامێرەکانی خۆپارێزییەوە تووشی پێکان بوون لە سەر و ملیاندا و بووەتە هۆی گیانلەدەستدانیان”.
ئامارەکەی پزیشکی دادی سلێمانی دەریدەخات، سووتان، کەوتنەخوارەوە و کارەباگرتن بە هۆکارەکانی تری گیانلەدەستدان تۆمار کراون.
“بەداخەوە رووداوەکانی هاتوچۆ قوربانی زۆریان هەیە و دەبێت شۆفێران هۆشیاری زیاتر بەرامبەر مەترسییەکانی تیژڕۆیی و پابەند نەبوون بە مەرجەکانی هاتوچۆ لەبەرچاو بگرن”، ئەوەش قسەی بەختیار رەشیدە.
بە پێی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی سلێمانی، لە ساڵی رابردوودا تەنیا لە سلێمانی 32 هەزار ئۆتۆمبێل تۆمار کراون.