بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی سلێمانی. فۆتۆ: 964
داوای بەشی چاودێری چڕی نیمچە تایبەت دەکرێت
لە هەموو نەخۆشخانەکانی پارێزگای سلێمانی 25 تەختی چاودێری چڕ هەیە
964+
ژووری هەواڵ
نەخۆشخانە حکومییەکانی سلێمانی کێشەی کەمی تەختی چاودێری چڕیان هەیە، لە هەموو پارێزگاکە تەنیا 25 تەختی چاودێری چڕ هەن، بەڕێوەبەرایەتی تەندروستیش داوای کردنەوەی بەشێکی نوێی چاودێری چڕی نیمچە تایبەت دەکات.
لە راپەڕین، گەرمیان، هەڵەبجە و قەزا و ناحییەکانی سنووری پارێزگای سلێمانی بەشی چاودێری چڕ نییە، ئەوانەی پێویستیان پێیەتی ناچار روودەکەنە شاری سلێمانی و بەشەکانی چاودێری چڕ لۆدێکی زۆریان لەسەرە، لە نەخۆشخانە حکومییەکانیش نرخی رۆژێک مانەوەی نەخۆش لە بەشەکانی چاودێری چڕ نزیکەی ملیۆنێک دینارە.
تەندروستی سلێمانی چاوی لە کردنەوەی بەشی چاودێری چڕی نیمچە تایبەتە لە شارەکە، بەڕێوەبەرەکەی دەڵێت، ئامێر و شوێنی پێویست ئامادەیە و بۆ رۆژێک مانەوە 150 هەزار دینار لە نەخۆش وەردەگیرێت.
ئەمڕۆ هەینی 26.1.2024، سەباح هەورامی، بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، بە کردنەوەی چاودێری چڕی نیمچە تایبەت، رۆژانە 40 ملیۆن دینار بۆ 40 خێزان دەگەڕێتەوە.
بە وتەی دکتۆر هێرش سەلیم، جێگری بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیى سلێمانی کە بۆ 964 قسەی کردووە، بڕیارە نەخۆشخانەی کۆئەندامی هەناسە لە سلێمانی کە ناسراوە بە نەخۆشخانەی ئەڵمانی، نزیکەی 40 جێگای چاودێری چڕ بکاتەوە،.
لە هەموو پارێزگاکە تەنیا 25 تەختی چاودێری چڕ هەن، پێنجیان بۆ منداڵان و ئەوانی دیکە بۆ گەورەساڵانە، ئەمە بە قسەی سەباح هەورامی بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی.
تێبینی: سەرچاوەی بەشێک لە زانیارییەکانی ئەم هەواڵە لە رۆژی شەممە 27.1.2024 کاتژمێر 9:07 خولەکی شەو نوێکراوەتەوە.