نەمامگەی سەرچنار لە سلێمانی - وێنە: دارستان و پاوانی سلێمانی
WFP هاوکار بووە
نەمامگەی سەرچنار ساڵانە زیاتر لە ملیۆنێک نەمام بەرهەمدەهێنێت
964+
ژووری هەواڵ
بە هاوکاری رێکخراوێکی نێودەوڵەتی، توانای بەرهەمهێنانی ساڵانە لە نەمامگەی سەرچنار گەیەندراوەتە یەک ملیۆن و 500 هەزار نەمام، بڕیاریشە رێکخراوەکە بۆ سەوزکردنی زیاتری سلێمانی لەگەڵ قایمقامیەت هەماهەنگی بکەن.
نەمامەکان بەشێوەی شەتڵ، قەڵەم و تۆو بەرهەمدەهێنرێن و ساڵی رابردوو زیاتر لە 350 هەزار نەمامی بەخۆڕایی بەخشراوە بە جوتیاران و دامەزراوەکانی سنوری پارێزگای سلێمانی.
ئەمڕۆ چوارشەممە 24.1.2024، دانیار هادی لێپرسراوی نەمامگەی سەرچنار بە 964ـی وت، بە هاوکاری رێکخراوی بەرنامەی خۆراکی جیهانی (WFP) ئێستا نەمامگەکە دەتوانێت لە ساڵێکدا یەک ملیۆن و 500 هەزار نەمام بەرهەمبهێنێت.
لە ساڵی 2020ـدا نەمامگەی سەرچنار 92 هەزار نەمامی بەرهەمهێناوە، بەڵام ئەو رێژەیە لە ساڵی 2021 بەرزبووەتەوە بۆ 103 هەزار و لە ساڵی 2022ـش 81 هەزار نەمامی بەرهەمهێناوە، ئێستا بەرهەمی ساڵانەی نەمامگەکە گەیشتووەتە یەک ملیۆن و 500 هەزار.