لۆگۆى ژورى بازرگانى و پیشەسازى هەولێر
پەیوەندییە ئابورییەکان هەڵپەسێرن
داوا لە بازرگانان دەکرێت بایکۆتى هێنانى کاڵاى ئێرانى بکەن
964+
وریا فەتاح
ژورى بازرگانى و پیشەسازى هەولێر، وێڕاى ئیدانەکردنى هێرشەکەى سوپاى پاسداران بۆسەر هەولێر، داوا لە بازرگانان دەکات بایکۆتى هێنانى کاڵاى ئێرانى بکەن.
لە راگەیەنراوەکەى ژورى بارزگانیدا، پەیامێک ئاراستەى سەرجەم بازرگانانى هەرێم کراوەو تێیدا هاتووە،”داوا لە سەرجەم بازرگانانی هەرێمی کوردستان و هاووڵاتییان بە گشتی دەکەین، ئەگەرچی هەرێمى کوردستان بەتایبەتى هەولێرى پایتەخت بازاڕێکی گرنگی ساغکرنەوەی بەرهەمەکانى ئێرانە کە رۆژانە هاوردەی کوردستان و عێراق دەکرێت، بایکۆتی هێنان و بەکارهێنانی کاڵاکانى ئێران بکەن”.
باس لەوەشکراوە، پێویستە بازرگانان سەرجەم پەیوەندییە ئابووری و بازرگانیەکانیان لەگەڵ ئێران هەڵپەسێرن.
مەعروف هەرکى، جێگرى ژورى بازرگانى و پیشەسازى هەولێر بە 964ى وت،”ئەمڕۆ وەک ئەندامانى دەستەى کارگێڕى ژورى بازرگانى هەولێر، کۆبونەوەیەکى نائاساییمان ئەنجامدا و بڕیارماندا وەک فشارێک لەسەر ئێران کە چۆن بازرگانانى ئێمە بە ئامانج دەگرێت لە هێرشەکاندا، بایکۆتى هێنانى کاڵاکانیان بکەین”.
هەرچەندە بڕیارەکەى ژورى بازرگانى تەنها لە چوارچێوەى داواکاریدا خۆى دەبینێتەوە، بەڵام وەک ئەوەى مەعروف هەرکى دەڵێت: هیوادارم بازرگانان پێوەى پابەندبن و بیکەنە فشارێک تا ئابورى و بازرگانانى هەرێم، بە ئامانج نەگیرێن، چونکە بڕیارى بایکۆت لە دەسەڵاتى حکومەتدایە و ئەوەى ئێمە تەنها داواکارییە.
بەپێى ئامارەکان، قەبارەى بازرگانى نێوان هەرێمى کوردستان و کۆمارى ئیسلامى ئێران لە ساڵى 2023 دا لە نێوان 6 تا 8 ملیار دۆلار بووە، بە وتەى جێگرى ژورى بازرگانى و پیشەسازى هەولێریش بێت لەو ژمارەیە دوو ملیار و 500 ملیۆن دۆلار، قەبارەى بازرگانى پارێزگاى هەولێر بووە لەگەڵ ئێراندا.
هەڵوێستەکەى ژورى بازرگانى هەولێر لەوەوە سەرچاوە دەگرێت، شەوى سێشەممەى رابردوو، ماڵى پێشڕەو دزەیى بازرگانى شارى هەولێر، لەلایەن سوپاى پاسدارانەوە بە ئامانج گیرا و خۆیى و منداڵە تەمەن 11 مانگییەکەى و بازرگانێکى هاوڕێى و یەکێک لە کرێکارەکانى ماڵەکەى گیانیان لەدەستداو ژن و کوڕە گەورەکەیى و چەند کرێکارێکى دیکەى ماڵەکەشى بە سەختى برندار بوون و دایەنى ژیناى 11 مانگیش تائێستا بێسەروشوێنە.