پرۆژەیان بۆ کرا
گەڕەکێکی دوزخورماتوو دوای چەندین ساڵ بە خەونەکەیان گەیشتن
964+
سیروان خورشید – دوزخورماتوو
دوای چەندین ساڵ لە پەراوێزخستنی گەڕەکێکی دوزخورماتوو، دواجار پڕۆژەی خزمەتگوزاری پێگەشت.
هاوڵاتیانی گەڕەکی برایەتی لە دوزخورماتوو خۆشحاڵی خۆیان دەردەبڕن بە قیرتاوکردنی کۆڵانەکانیان و دەڵێن، ساڵانێکی زۆرە گلەیی دەکەین بەڵام بێ سوود بووە.
سۆران سەعید هاوڵاتیەکی گەڕەکی برایەتی بە 964ـی وت، گەڕەکەکەیان تاکە شوێنە، چەندین ساڵە بێ خزمەتگوزاری ماوەتەوە، پێمان وابوو گەڕەکەکەمان سەر بە قەزاکە نەبێت بۆیە وا پەراوێزخراوین.
وتیشی، تائێستا دەیان جار داوایانکردوە و سەردانی شارەوانیان کردووە، بەڵام تەنیا بەڵێنی بێ کرداریان پێیان داوە.
مەرعی رەشید سەرۆکی شارەوانی دوزخورماتوو بە 964ـی وت، ئەو بودجەیەی کە بۆ پڕۆژە خزمەتگوزاریەکان دێتە قەزاکە، بە بەرنامە کاری لەسەر دەکرێت، چونکە گەڕەکەکان زۆرن و بەیەکجار فریای هەموی ناکەون کاری تێدا بکەن.
دەشڵێت، کەمی کرێکار و ئامێرەکانی ئیشکردنیان هۆکارێکە بۆ ئەوەی کارەکانیان زۆر بەسستی بڕوات و پڕۆژەی گەڕەکەکان دوابکەوێت،
وتیشی، بەردەوام دەبین لەقیرتاو و کۆنکرێتکردنی گەڕەکی برایەتی و لەئێستا بەدواوە هەنگاوەکانیان چڕ دەکەنەوە لەپێناو ئەوەی بەزوترین کات تەواوی خزمەتگوزاریەکانی ئەو گەڕەکە بۆیان دەستەبەر بکرێت.
گەڕەکی برایەتی کە تاکە گەڕەکە دەکەوێتە دەرەوەی قەزای خورماتووەو بەگەورەترین گەڕەک لەقەزاکە دادەنرێت، بەڵام لەروی خزمەتگوزاریەکانەوە پەراوێزخراون.
پێداچوونەوە: توانا نەقی