دوو بۆچوونی جیاواز هەیە
ئایا پڕکردنەوەی بتڵی غازی ماڵان لە بەنزینخانەکان سەلامەتە؟
964+
رێژوان مامە قادر – سلێمانی
نوێنەری کارگەکانی غاز لە سلێمانی دەڵێت، تێکردنەوەی غاز لە بەنزینخانەکان بۆ بتڵێ ماڵان مەترسیدارە و سەلامەت نییە و بەرگری شارستانیش دەڵێت، ئەگەر رێنماییەکان جێبەجێ بکەن کێشەیان نییە.
لە ساڵی رابردووەوە کە قەیرانێکی زۆری غاز لە سلێمانی دروستبوو، بەشێک لە بەنزینخانەکان عەدادی غازیان دانا و بتڵێ ماڵانیان پڕکردەوە و تا ئێستاش بەردەوامن.
کۆچەر عەلی، نوێنەری کارگەکانی غاز لە سلێمانی بە 964ی راگەیاند، تێکردنی غاز لە بتڵی ماڵان ئامێری تایبەتی دەوێت، کە لە کارگەکانی غاز هەیە و لە بەنزینخانەکان نییە و ئەوانە دروستکراون و مەترسیان هەیە و سەلامەت نین.
وتیشی، “ئەگەر هەر رووداوێک بەهۆی تێکردنی غازەوە لە بەنزینخانەکان رووبدات کارەساتی گەورەی لێدەکەوێتەوە و پێویستە رابگیرێت”.
بەرگری شارستانی سلێمانی ژمارەیەک رێنمایی بۆ ئەو بەنزینخانانە هەیە، کە غاز دەکەنە بتڵی ماڵانەوە، دەڵێت ئەگەر پێوەی پابەند بن سەلامەتن.
ئارام عەلی، وتەبێژی بەرگری شارستانی سلێمانی بە 964ی راگەیاند، پێویستە کارمەندەکان دەورەیان بینیبێت، جگەرە نەکێشرێت و لە کاتی تێکردنی غازەکەشدا مۆبایل بەکارنەهێندرێت.
وتیشی، “پێویستە کەرەستەی پێویست هەبێت لەنێوان بتڵەکە و عەدادی تێکردنی غازەکە بۆ خاڵیکردنەوەی تەزووی کارەبا، کە جاروباری بەهۆی لێکخشان یان بەریەککەوتنەوە دروستدەبێت و رەنگە ببێتە هۆی کەوتنەوەی ئاگر”.