پردی ناودەشت لە پشدەر. وێنە :964
پردی ناودەشت ئاو بردی
لافاو رێگەی 10 گوندی بناری ئاسۆس و پشدەری داخست
964+
محەمەد عەلی ــ پشدەر
پردی ناودەشت لە پشدەر، کە نزیکەی 10 گوندی بناری چیای ئاسۆس بە قەزای پشدەرەوە دەبەستێتەوە، ئاو بردی، قایمقامی پشدەریش دەڵێت، ئەو جۆرە پردانە کاتین و بەرگەی زیادبوونی ئاوەکە ناگرن.
دانیشتوانی ئەو 10 گوندە ئێستا بە بەلەم و چوپ هاتوچۆ دەکەن و زۆر جار مەترسی لەسەر گیانی هاوڵاتیان دروستدەبێت و کارەساتی دڵتەزێنیشی لێکەوتووەتەوە.
ئەمڕۆ یەکشەممە 14.1.2024، بەکر بایز، قایمقامی قەزای پشدەر بە964ـی وت، “بەهۆی بارینی بارانێکی زۆر ئاستی ئاوی زێی بچوک زیادیکردووە و بۆتەهۆی راماڵینی پردی ناو دەشت لە بناری چیای ئاسۆس، ئەوجۆرە پردانە پردی کاتین و بەرگەی زیاد بونی ئاوەکە ناگرن، کاتیخۆشی بەگوند نشینانی ئاسۆسمان وتوەکە بەرگەناگرێت.”
هاوکات ئەملاو لای پردی گوندی باراوە لە ناحیەی سەنگەسەریش بەهۆی ئەم شەپۆلە بارانبارینەوە ئاو بردویەتی و رێگای گوندەکە داخراوە.
نەهرۆ عەبدوڵا، بەڕێوەبەری ناحەی سەنگەسەر بە964ـی وت، “رێگەی پردی باراوە لە ناحیەکەمان داخراوە، بەڵام جگە لەو رێگایەی کە پچڕاوە رێگایەکی تریش هەیە و خەڵکی گوندەکە بەوێدا هاتوچۆدەکەن، هەوڵدەدەین چاکی بکەینەوە”.
پێداچوونەوە: هاوبەش ئەبوبەکر