ئەوانەى ئێستا قوڕ و چڵپاو دایپۆشیون

ناوچەیەکى پیشەسازى هاوبەش لە نێوان رانیە و چوارقوڕنە و حاجیاوا دروست دەکرێت

964+

وریا فەتاح

پیشەوەرانى ناوچەى پیشەسازى حاجیاوا بێزاربوون و دەڵێن: لە هاویندا تەپووتۆز لە زستاندا قوڕ و لیتە تەنگى پێهەڵچنیوین. نەخشەدانانى راپەڕینیش باس لە دروستکردنى ناوچەیەکى پیشەسازى هاوبەش و مۆدێرن دەکات، لە نێوان رانیە و حاجیاوا و چوارقوڕنە.

سیروان عومەر، پیشەوەرێکى ناوچەى پیشەسازى حاجیاوایە و قسەى بۆ 964 کردووە و دەڵێت: کێشەمان زۆرە، ناوچەى پیشەسازییەکەمان بچوکە، لە هاویندا تەپووتۆز لە زستاندا قوڕو لیتە تەنگى پێهەڵچنیوین، ناشتیوانین هیچ بکەین و پێمان دەڵێن دەتانگوێزینەوە بۆ شوینێکى دیکە.

ئەو پیشەوەرە باس لەوە دەکات، لە 2014ـەوە پێمان دەڵێن، ئەمساڵنا ساڵێکى تر دەتانگوازینەوە بۆ شوێنێکى دیکە، بەڵام تائێستا هیچ نەکراوە.

بەرپرسانى حاجیاوا ئاگادارى کێشەکەن، ئەزوەر جەعفەر، بەڕێوەبەرى ناحیەى حاجیاوا بە 964ى وت،”ئەو ناوچە پیشەسازییەى ئێستا هەیە دەگوازرێتەوە و شوێنەکە دەکرێت بە سەوزایى، بۆیە شارەوانى هیچ چاکسازییەکى تێدا ناکات”.

لە بارەى دروستکردنى ناوچەیەکى پیشەسازى هاوبەش لە نێوان رانیە و حاجیاواو چوارقوڕنە، 964 پەیوەندى بە دیارى دڵشاد، بەڕێوەبەرى نەخشەدانانى ئاوەدانى راپەڕینەوە کرد و ئەو وتى،”وەبەرهێنانى راپەڕین زەوییەکى 400 دۆنمى دیاری کردووە لە سنورى ئەستریلان کە دەکەوێتە نێوان رانیە و حاجیاواو چوارقوڕنە، زەوییەکە پڕۆژەى دروستکردنى ناوچەیەکى پیشەسازى مۆدێرنى هاوبەشە، هەموو خزمەتگوزارییەک لەخۆى دەگرێت”.

هەرچەندە هیچ وادەیەکى دیاریکراو نیە بۆ دەستکردن بە پڕۆژەکە، بەڵام بەوتەى نەخشەدانانى ئاوەدانى راپەڕین، بە دروستکردنى پڕۆژەکە کێشەى ناوچە پیشەسازییەکان چارەسەر دەبێت، هەموو پیشەوەران لە پیشەوەرى بچوکەوە تا پیشەسازى گەورە دەتوانن لە شوینەکە کارى خۆیان بکەن.