داوای دانوستان دەکات

سودانی: مانەوەی هێزەکانی ئەمریکا دەبێتە هۆی ناسەقامگیری

964+

ژووری هەواڵ

محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند، مانەوەی هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان لە وڵاتەکە دەبێتە هۆی سەرهەڵدانی ناسەقامگیری و دەیانەوێت لە رێگەی دانوستاندنێکی “خێرا و رێکوپێک” بگەن بە رێککەوتنێک بۆ دەرکردنی ئەو هێزانە.

لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئاژانسی رۆیتەرز، کە رۆژی چوارشەممە 10.1.2024 بەشێکی بڵاوکراوەتەوە، محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق دەڵێت، ئەرکی هاوپەیمانان لە عێراق لەمێژە کۆتاییپێهاتووە، پێویستە لە رێگەی “لێکتێگەیشتن و گفتوگۆ” دانوستاندن لەسەر دەرچوونیان لە عێراق بکرێت.

سودانی دەڵێت، ئێستا عێراق دەتوانێت بەرگری لەخۆی بکات لەبەرامبەر تیرۆر و پێویستە سەروەری تەواو بدرێت بە خاکەکەی، بەمەش دووربکەوێتەوە لە پێدانی بیانوو بە هیچ کەسێک بۆ راکێشانی عێراق بۆ نێو ململانێی ناوچەیی.

“ئەمریکا دوژمن نییە بۆ ئێمە و ئێمە لە شەڕدا نین لەگەڵ ئەمریکا، بەڵام ئەگەر ئەم گرژییانە بەردەوام بن بە دڵنیاییەوە کاریگەری دەبێت و بۆشایی لەم پەیوەندییەدا دروست دەکات”، سودانی وای وت.

سودانی باسی لە شەڕی غەزە کردووە و وتویەتی، بەهۆی بەردەوامی شەڕی غەزە، گۆڕەپانی ململانێکان فراوانتر دەبن و کۆتاییهێنان بە شەڕی نێوان حەماس و ئیسرائیل کاریگەری دەبێت لەسەر گرژییەکانی عێراقیش.

سودانی وتوشیەتی، “با لەگەڵ ئەمریکا لەسەر کاتێک رێکبکەوین بۆ ئەوەی هێزەکانیان نەمێننەوە و عێراق جێبهێڵن و چیدیکە هێرشی گروپە چەکدارەکان و گرژییەکان بەردەوام نەبن”.

عێراق دەیەوێت بە

عێراق دەیەوێت بە "راپرسی" هێزی هاوپەیمانان دەربکات