رێژەی سەوزایی رانییە زیاد دەکات

هەزار نەمام لە دەربەندی رانیە رووێندران

964+

پێشەوا محەمەد

لە دەربەندی رانیە هەزار نەمام رووێندران و فەرمانگەی ژینگەی راپەڕین دەڵێت، رێژەی سەوزایی رانیە بەرز دەکاتەوە.

کارەکە لە لایەن دارستان و پاوانی رانیە، نەمامگەی شازاد سائیب و بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی چاککردن و پاراستنی رێگاوبانی راپەڕین کراوە.

محەمەد کەریم، بەڕێوەبەری فەرمانگەی ژینگەی راپەڕین بە 964ـی راگەیاند، ئەو شوێنە لە چوارچێوەی سنووری دارستاندایە و دواتر خزمەت و پاراستنەکەی دەکەوێتە ئەستۆی دارستان و پاوانی راپەڕین، “لەگەڵ ئەوانیش بۆ ماوەی ساڵێک ئەو کۆمپانیایانەی لە رێگاوبان لە دەربەندی رانیە کار دەکەن یارمەتیی ئاودان و پاراستنیان دەدەن”.

وتیشی، “ئەو نەمامانە سروشت و دیمەنێکی جوان بە دەربەندی رانیە دەبەخشن و دەشبنە هۆکاری زۆربوونی رێژەی سەوزایی رانیە و بۆ 9% یان 10% بەرزی دەکاتەوە”.

“پێموابێ هەر هەزار نەمامەکە رووێندراوە، ئەگەر تەواویش نەبووبێت ئەم چەند رۆژە تەواوی دەکەن”، ئەوەش قسەی محەمەد کەریمە.

فەرمانگەی ژینگەی راپەڕین 400 نەمامی رواند

فەرمانگەی ژینگەی راپەڕین 400 نەمامی رواند