"داواکارییەکانتان جێبەجێکرا"
پەروەردەى گەرمیان بۆ مامۆستایان: دەست بە دەوام بکەنەوە
964+
میلاد جەلال
بە نوسراویک کە ئاراستەى پەروەردەکانى (کەلار، کفرى، خانەقین) کراوە، پەروەردەى گەرمیان وێڕاى پیرۆزبایى لە مامۆستایان، دەڵێت: لە رۆژى 9.1.2024 دەست بە دەوام بکەنەوە.
نوسراوەکە، واژۆى دارا ئەحمەد سەمین، بەڕێوەبەرى گشتى پەروەردەى گەرمیانى لەسەرە و تێیدا هاتووە، دواى داخستنى دەرگاى ناوەندەکانى خوێندن و زنجیرەیەک خۆپیشاندان، هەوڵى مامۆستایان بەهەدەر نەچوو و وەزارەتى پەروەردە خۆشبەختانە، دواى وەرگرتنى رەزامەندى ئەنجومەنى وەزیران لەسەر بەشێک لە داواکارییەکانیان، وەڵامى یاداشتى مامۆستایان درایەوە.
بەڕێوەبەرى پەروەردەى گەرمیان پیرۆزبایى لە مامۆستایان دەکات و وەڵامەکەى وەزارەتى پەروەردە بۆ مامۆستایان بە دەستکەوت بۆ مامۆستایان وێنا دەکات.
لە نوسراوەکەدا داوا لە ناوەندەکانى خوێندنى سنورەکەکراوە، رۆژى 9.1.2024 دەستبکەنەوە بە دەوام،لەسەر چۆنییەتى دەستپێکردنەوەى دەوام 964 پەیوەندى بە بەڕێوەبەرى گشتى پەروەردەى گەرمیانەوە کرد، بەڵام دواى پرسیارکردن لێى، پەیوەندییەکەى داخستەوە.
دواتر 964 پەیوەندى بە ئارام رەحیم، بەرپرسى راگەیاندنى پەروەردەى گەرمیانەوە کرد و ئەو وتى،”بڕیاردراوە 9.1 دەوام دەستپێبکاتەوە، بەڵام تائێستا هیچ رێنماییەک نەهاتووە کە لێپێچینەوە بکرێت یان نا، ئەو کات بەپێى قۆناغەکە بڕیار دەدەین ئەگەر مامۆستایان نەچنەوە دەوام “.
ئەوەش لە کاتێکدایە، ئەمڕۆ یەکشەممە، وەزارەتى پەروەردە وەڵامى یاداشتێکى مامۆستایانى دایەوە.
پێداچوونەوە- وریا فەتاح
وەزارەتی پەروەردە: رەزامەندی دراوە بە گرێبەستکردنی وانەبێژان