چەند کەس وەزیر بوون؟

103 ساڵ بەسەر دامەزراندنى سوپاى عێراقدا تێدەپەڕێت

964+

وریا فەتاح

هەموو رۆژێکى 6ی کانونی دووەم، هاوکاتە لەگەڵ دامەزراندنى سوپاى عێراق و ئەمڕۆش 103 ساڵ بەسەر دامەزراندنەکەیدا تێدەپەڕێت، سوپایەک کە دەوترێت یەکەم وەزیرەکەى کورد بووە و تا ئەمڕۆش 62 کەس وەک وەزیر سوپاکەیان بەڕێوە بردووە.

لە سەردەمی پاشایەتی و حکومەتی فەیسەڵی یەكەم و لە سایەی ئینتیدابی بەریتانیدا، سوپاى عێراق لە 6ى کانونى دووەمى ساڵى 1921 دامەزرێنرا، جەعفەر عەسکەر کە دەوترێت لە بنەماڵەیەکى کورد بوو وەک یەکەم وەزیرى بەرگرى عیراق دەستبەکار بوو.

سوپاى عێراق بە بچووکى دەستىپێکرد و لە سەرەتادا تەنیا لە یەك فەوج پێكهێنرا بە ناوی فەوجی ئیمام موسای كازم و بارەگاكەی لە بەغدای پایتەخت بوو، لە کۆتایى شەڕى عێراق ئێرانیش، سوپاکە گەیشتە لوتکە و ملیۆنێک سەربازى تێپەڕاند.

قۆناغەکانى دروستبوونى سوپاى عێراق:
یەکەم- پێکهێنانى یەکەم حکومەت لە ساڵى 1920.
دووەم- دامەزراندنى یەکەم فەوجى سوپا بەناوى فەوجى ئیمام موساى کازم.
سێیەم- دامەزراندنى وەزارەتى بەرگرى لە 1921.
چوارەم- پێکهێنانى فیرقەی یەكەمی هێزی پیادە لە دیوانیەو فیرقەی دووەم لە كەركوك.
پێنجەم- دامەزراندنى هێزى ئاسمانى لە ساڵى 1931.
شەشەم- دامەزراندنى هێزى دەریایى لە 1937.
حەوتەم- ساڵى 1958 سوپاى عێراق لە چوار فیرقەی پیادە پێکهاتبوو؛ یەکەمیان لە دیوانییە، دووەمیان لە کەرکوک، سێیەمیان لە دیالە، چوارەمیان لە موسڵ.
هەشتەم- ساڵى 1981 ژمارەى سوپاى عێراق 200 هەزار سەربازى تێپەڕاند و بەسەر 12 فیرقەدا دابەشکرا بوو.
نۆیەم- لەساڵی 1985 ژمارەى سوپاى عێراق 500 هەزارى تێپەڕاند و بەسەر 23 فیرقەدا دابەش ببوون.
دەیەم- لە جەنگى دووەمی کەنداودا سوپاى عێراق ملیۆنێک سەربازى تێپەڕاند و بەسەر 42 فیرقە و 20 لیوادا دابەشکرا بوون.
لەساڵی 2003 کاتێک رژێمی بەعس لەسەر دەستی ئەمریکاو هاوپەیمانەکانی روخا، پۆل برێمەر حاكمی مەدەنی ئەمریكا لەعێراق بە بڕیارێك پاشماوەكانی سوپای عێراقی هەڵوەشاندەوە‌و بڕیاردرا لەسەر پێكهێنانی سوپایەكی نوێ لە (17) فیرقە، هەر فیرقەیەكیش لەچوار لیوا پێكدێت لەگەڵ پێكهێنانی هێزە وشكانی‌ و ئاسمانی ‌و دەریاییەكان‌ و هێزی گاردی نیشتیمانی.
سوپاى عیراق لەبەر گرنگى و هەستیارییەکەى و ناکۆکییەکانى، تائێستا زۆرترین وەزیرى بەڕێکردووە و 62 کەس لە ماوەى 103 ساڵدا، وەک وەزیرى بەرگرى عێراق کاریان کردووە، عەدنان خێروڵـڵە لەسەردەمى رژێمى بەعس لە نێوان ساڵانى 1977 بۆ 1989، وەک زۆرترین ماوە وەزیرى بەرگرى بووە و زۆربەى وەزیرەکانى دیکە چەند مانگێک یان کەمتر لە ساڵێک یان ساڵێک زیاتر لە پۆستەکەیان ماونەتەوە.
لەلای کورد یادی سوپای عێراق گرێدراوە بە یادەوەرییەکی تاڵەوە، تەنانەت وەزارەتی شەهیدان پێشنیاری کردووە بەهیچ شێوەیەک یادی سوپا نەکرێتەوە ”چونکە شەهیدانی سەنگەر و هاوڵاتیان و ئەنفالەکان لەسەر دەستی ئەم سوپایە بووە”.
لەناو سەرۆکەکانی عێراقدا، تاڵەبانی تا ئەو دەمەی سەرۆک بوو خۆی دەبوارد لەیادکردنەوەی سوپاس بەشداریکردن لە مەراسیمەکانی سوپادا، بەڵام لە دوای تاڵەبانییەوە سەرۆک کۆمارەکانی دیکە گەرموگوڕتربوون لەو یادکردنەوەیە.