گەڕانی هێزە عێراقییەکان لەدوای هێرشەکەی بەغدا. فۆتۆ: رۆیتەرز.
لێدوانێکی پێنتاگۆن رەتدەکاتەوە
شانەی ئەمنی عێراق: لە هێرشەکەی بەغدا هاوکاری ئەمریکا نەبوین
964+
ژووری هەواڵ
شانەی راگەیاندنی ئەمنی عێراق رەتیدەکاتەوە کە هاوکاری ئەمریکایان کردبێت لە هێرشەکەی دوێنێی سەر بارەگایەکی حەشدی شەعبی لە بەغدا.
راگەیەندراوەکەی شانەی ئەمنی عێراق، ئەمڕۆ هەینی 5.1.2024 لە وەڵامی لێدوانێکی پات رایدەر، وتەبێژی پێنتاگۆن بڵاوکراوەتەوە کە وتبووی هێزە عێراقییەکان هاوکاریمان دەکەن لە دیاریکردنی شوێنی ئەو گرووپانەی سەر بە ئێرانن.
شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق رایگەیاند، “بە تووندی” رەتیدەکاتەوە هاوکار و هاوئاهەنگی واشنتن بووبن و دەڵێت، هێرشەکە بێ ئاگاداری هێزە ئەمنییەکانی عێراق ئەنجامدراوە.
رۆژی پێنجشەممە 4.1.2024، لە هێرشێکدا لە بەغدا موشتاق جەواد کازم کە بە ئەبو تەقوا ناسراوە، لەگەڵ جێگرەکەی کوژران، دواتریش ئەمریکا بەرپرسیارێتی هێرشەکەی لەئەستۆ گرت.