وێنەی دەرمانەکان. فۆتۆ: 964+
سێ کەسیش دەستگیر کراون
لە دوزخورماتوو دەستگیرا بەسەر 41 تۆن دەرمانی بێ مۆڵەت
964+
سیروان خورشید – دوزخورماتوو
لە سنوری دوزخورماتوو دەستگیرا بەسەر 41 تۆن دەرمانی قەچاخدا، سێ کەسیش بە تۆمەتی مامەڵەکردن بەو دەرمانانەوە دەستگیر کران.
تۆمەتبارەکان لە نزیک ناحیەی سلێمانبەگ لە باشووری قەزای دوزخورماتوو، لەلایەن هێزەکانی بەرپەرچدانەوەی خێرا دەستگیر کراون و سەرقاڵی گواستنەوەی دەرمانەکان بوون لەنێو بارهەڵگرێکدا.
سەرچاوەیەک لە فەوجی یەکی لیوای سێی هێزەکانی بەرپەرچدانەوەی خێرا کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت بە964ـی وت، پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆ لە نزیک بازگەی سلێمانبەگ، ئۆتۆمبێلێکی بارهەڵگری گوماناویان راگرت، پاش پشکنین دەرکەوت کە بڕێکی زۆر دەرمانی بێ مۆڵەتیان پێ بووە کە مەزەندە دەکرێت 41 تۆن بێت کە ویستویانە بەشێوەی قاچاخ بیبەنە ناو قەزای دوزخورماتوو دواتر مامەڵەی پێوەبکەن.
وتیشی، دوای لێکوڵینەوە لەگەڵیان، هەر سێ تۆمەتبارەکە دانیان بە تاوانەکەیان ناوە و ئەو دەرمانانەی پێیان بووە لەبەغداوە هێناویانە و مەبەستیان بووە بەشێوەی قاچاغ بیبەنە نێو قەزاکەوە، لەئێستادا دەستبەسەر کراون و دواتر لە دادگا روبەڕووی رێکاری یاسایی دەکرێنەوە.
964 پەیوندی بە حوسێن عەلی بەڕێوبەری پۆلیسی دوزخورماتوو کرد، ئەو رایگەیاند کە تۆمەتبارەکان رادەستی پۆلیس دەکرێن و دواتر لەرێی ئەوانەوە تاوانباران دەدرێنە دادگا بەمەبستی لێکوڵینەوەی زیاتر.
پێداچوونەوە: هاوبەش ئەبوبەکر