ژمارەیەک هاوڵاتی کە دەیانەوێت بچن بۆ عومرە - وێنە: بەڕێوەبەرایەتی حەج و عەمرە
پێشتر رێگەپێنەدراو بوو
گەشتی عەمرە لە رێگەی وشکانییەوە ئەنجام دەدرێت
964+
پێشەوا محەمەد
لەمەودوا رێگە بە کۆمپانیاکانی حەج و عەمرە دەدرێت هاوڵاتیان بە رێگەی وشکانی ببەنە سعودیە، لە کاتێکدا پێشتر ئەو کارە رێگەپێنەدراو بوو.
بۆ ساڵی 2023 وەزارەتی ئەوقافی هەرێمی کوردستان، رێگای وشکانی بۆ حەج تاقیکردەوە و زیاتر لە 700 حاجی لە رێگەی وشکانییەوە نارد و دواتر رایگەیاند پڕۆسەکە سەرکەوتوو بووە و ساڵی داهاتوو زیاتری دەکەن.
شێخ نیاز راغیب نەقشبەندی، بەڕێوەبەری حەج و عەمرەی هەرێمی کوردستان بە 964ـی راگەیاند، بڕیارەکە ئەمڕۆ یەکشەممە دراوە و لە ژێر چاودێریی ئەواندا گەشتەکان ئەنجام دەدرێن.
وتیشی، “پێشتر هاوڵاتیان بە ئۆتۆمبێلی خۆیان یان کۆمپانیایەک بێ مۆڵەتی ئێمە ئەو کارەیان کردووە، بەڵام ئێمە وتوومانە بەرپرسیاریەتییان هەڵناگرین”.
بە پێی زانیارییەکانی ئەو بەڕێوەبەرایەتییە، 165 کۆمپانیای مۆڵەتپێدراو لە هەرێمدا هەن و کاریان گواستنەوەی ئەو کەسانەیە دەیانەوێت عەمرە و حەج بکەن.
لە هەرێمی کوردستاندا نرخی گەشتی عەمرە بە فڕۆکە لە نێوان 650 بۆ 800 دۆلاردایە و پێشبینی دەکرێت گەشتی وشکانی لە نێوان 400 بۆ 500 دۆلاردا بێت.