باوکی چوار منداڵە

کۆڵبەرێک لە سنووری هەرێمی کوردستاندا کوژرا

964+

پێشەوا محەمەد

رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو رایدەگەیەنێت، کۆڵبەرێکی خەڵکی شاری مەریوان لە سنووری هەرێمی کوردستاندا بە گوللـەی راستەوخۆی هێزە ئەمنییەکانی ئێران کوژراوە.

ئەو رێکخراوە، کە چاودێریی رەوشی مافی مرۆڤی رۆژهەڵاتی کوردستان دەکات بڵاوی کردووەتەوە، دوێنێ دووشەممە عەلی قادری دانیشتووی شاری مەریوان، لە سنووری ئاسناوای شاری مەریوان لە کاتێکدا لەناو خاکی هەرێمی کوردستاندا بووە بێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە تەقەی لێکراوە و کوژراوە.

ئاماژە بەوەش دراوە، ئەو کۆڵبەرە باوکی چوار منداڵ بووە و “فیشەک بەر دڵی کەوتووە و تەرمی ناوبراو لە لایەن هێزەکانی سوپای پاسدارانەوە لەناو خاکی هەرێمی کوردستانەوە بۆ ناو سنوورەکانی شاری مەریوان گواستراوەتەوە”.

بە پێی ناوەندی ئامار و بەڵگەکانی رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو بێت، لەمساڵدا زیاتر لە 300 حاڵەتی کوژران و برینداربوونی کۆڵبەران لە رۆژهەڵاتی کوردستان تۆمارکراوە.

"ئەمساڵ زیانی کۆڵبەران لە دەیەی رابردوو هاوشێوەی نەبووە"