لە یاریگاى خۆى نەیبردەوە

دهۆک دوو خاڵى دیکەى لەدەستدا

964+

زەید کۆچەر- دهۆک

لە گەڕی نۆیەمی خولی ئەستێرەکانی عێراق، یانەى دهۆک لەناو یاریگاى خۆیدا نەیتوانى لە نەفت بباتەوە.

یاریەکە لە یاریگای نێودەوڵەتی دهۆک ئەنجام درا. هەر لە سەرەتایی یارییەکە هاندەرانی یانەی دهۆک پشتیوانی یانەکەیان بوون، بەڵام لە کۆتایدا یارییەکە بە بەکسانبون کۆتایى هات و یاریزانانى دهۆک نەیانتوانى دڵى هاندەرەکانیان خۆش بکەن.

لە گێمى یەکەم، هەردو یانە ئاستیان لەیەکەوە نزیکبوو، بەڵام تۆڕى گۆڵى هەردولا بەخاوێنى مایەوە و بەبێ گۆڵ روویان لە پشوى نێوان گێمەکان کرد.

لە گێمى دووەمدا و لە خولەکى 64ـەوە، یانەى دهۆک بە 10 یاریزانەوە لە یارییەکەدا مایەوە ئەوەش دواى ئەوەى ئاکۆ حزیر بە کارتى سور کرایە دەرەوە، لە خولەکى 77ى یارییەکەش یاریزانێکى نەفت بە کارتى سور کرایە دەرەوە.

یاریزانانى هەردویانە لەو گێمەشدا نەیانتوانى گۆڵ تۆمار بکەن و یارییەکە بەبێ گۆڵ کۆتایى هات و هەرلایەکیان بە خاڵێک لە یارییەکە هاتنە دەرەوە.

لەئێستادا یانەى دهۆک، لە ریزبەندى خولى ئەستێرەکانى عێراق پلەى نۆیەمى گرتووە و 12 خاڵى کۆکردووەتەوە، یانەى نەفتیش بە 13 خاڵەوە پلەى شەشى گرتووە.

پێداچونەوە؛ وریا فەتاح