خەریکە دەبێت بەکەلاوە

12 ساڵە نەخۆشخانە 291 قەرەوێڵەیەکەی رانییە لە چاوەڕوانى تەواو بوندایە

964+
ئەحمەد مستەفا

12 ساڵە دانیشتوانى سنوورى راپەڕین، لە چاوەڕوانیدان بۆ تەواوبونى نەخۆشخانەى 291 قەرەوێڵەیى رانیە، بەڵام هەشت ساڵە کارکردن تێیدا وەستێنراوە و دارى نەخراوەتە سەر بەرد.

نەخۆشخانەکە ساڵى 2012 بەردى بناغەى دانراوە و بریار بوو لەماوەى دوو ساڵدا تەواو بکرێت، هەرچەندە تا ساڵى 2015 ئیشکردن تێیدا بەردەوام بوو و توانرا بیناى نەخۆشخانەکە تەواو بکرێت، بەڵام ماوەى هەشت ساڵە ئیشکردن تێیدا وەستێنراوە.

دکتۆر دیار ئیبراهیم، بەرێوەبەرى گشتى تەندروستى راپەڕین قسەى بۆ 964 کردووە و دەڵێت، “وەزارەتى ئاوەدانکردنەوە لایەنى جێبەجێکارى پڕۆژەکەیە و وەک تەندروستى هیچ بەرپرسیاریەتییەک لەسەر شانى ئێمە نیە، دەبێت وەزارەتى ئاوەدانکردنەوە ئەو پڕۆژەیە تەواو بکات، ئێمە تەنیا لایەنى سودمەندین”.

ئەو باسى لەوەکرد، تەواو بوونى ئەو پڕۆژەیە بۆ رانیە و ئیدارەى راپەڕین گرنگ و پێویستە، چونکە لە رانیە بڵاوییەک هەیە لەرووى کەرتى تەندروستییەوە، بەڵام ئەگەر نەخۆشخانەکە تەواو بکرێت هەمووان لە شوێنێک کۆدەکاتەوە، ئەوکات ئەرکى نەخۆشان و پزیشکانیش ئاسانتر دەبێت.

بەپێى قسەى دکتۆر دیار، لەرووى بیناوە، پڕۆژەکە نزیکەى 90%ى کارەکانى تەواو بووە، بەڵام هیچ پێویستییەکى پزیشکى بۆ نەکڕدراوە.

964 زانیویەتى، بەهۆى وەستانى کارکردن لە پڕۆژەکە بۆ ماوەیەکى زۆر، بەشێک لەو کارانەى بۆ پڕۆژەکەکراوە، خراپ بوون و نەخۆشخانەکە بووە بە شوێنى کۆبونەوەى باڵندەکان.

هاوکات، تۆڕى پاراستنى تەندروستى لە بەیاننامەیەکدا دەڵێت: تەواونەکردنی ئەم پرۆژە گرنگ و ستراتیژییە ژیانی هەزاران هاوڵاتی دەڤەری راپەڕین و دەوروبەری دەخاتە مەترسییەوە، هاوکات خستنەگەڕی نەخۆشخانەیەکی گەورەی 291 قەرەوێڵەیی هەلی کار بۆ سەدان تەندروستکاری بێکار دابیندەکات و دەرئەنجام هاوکار دەبێ بۆ بوژانەوەی ئابوری ناوچەکە.

لە رۆژی 1.5.2012، بەردى بناغەى پڕۆژەکە دانراوە گوژمەى تەرخانکراوى پڕۆژەکە 107 ملیۆن ملیار دینارە.

نەخۆشخانەی فریاکەوتنی راپەڕین 63 کارمەندی پێویستە

نەخۆشخانەی فریاکەوتنی راپەڕین 63 کارمەندی پێویستە