یەک مانگە پارە کۆنەکراوەتەوە

داهاتى ئاو لە هەڵەبجە و راپەڕین و گەرمیان بووەتە سفر

964+

وریا فەتاح

ماوەى یەک مانگە، کۆکردنەوەى ئاوى ماڵان لە زۆنى چوار (هەڵەبجە، گەرمیان و راپەڕین) راگیراوە، موچەی بەشێک لە کارمەندانى کۆمپانیاى کۆکردنەوەى ئاو بۆ نیوە کەمکراوەتەوە و داهاتى ئاویش بووەتە سفر.

بەپێى نوسراوێکى بەڕێوەبەرایەتى ئاوى راپەڕین بە ژمارە 3021، لە رۆژى 28.11.2023 دەرچووە، ئاراستەى بەڕێوەبەرایەتى گشتى ئاو و ئاوەڕۆى هەرێمى کردووە و نوسراوەکە بە دەست 964 گەیشتووە، ئەوە هاتووە، لە رێکەوتی 9.11.2023 وەک فشار کارەکانی کۆمپانیای ئۆرانۆس راگیراوە، بە ئاراستەى چارەسەرکردنى کێشەکان

زۆنى چوار پێکدێت لە (هەڵەبجە، گەرمیان و راپەڕین) کە لەلایەن کۆمپانیاى ئۆرانۆسەوە ئیش لەسەر بەسیستمکردنى کۆکردنەوەى کرێى ئاوی ئەو چوار زۆنە دەکرێت، بەڵام بەپێى ئەو کێشەیەى دروستبووە، یەک مانگە کۆکردنەوەى پارەى ئاو و مامەڵەى ئاو راگیراوە.

964 پەیوەندى بە ئەلەند تۆفیق بەڕێوەبەرى گشتى ئاوى هەڵەبجەکرد وتى، “من قسەى لەسەر ناکەم، ئەوە لە هەولێر کراوە و ئێمە هیچى لەسەر ناڵێین، پارە کۆنابێتەوە، بەڵام ئێمە نازانین چیە و قسەى لەسەر ناکەین”.

سۆران عەلى، بەڕێوەبەرى زۆنى راپەڕین لە کۆمپانیاى ئۆرانۆس، لە باسى کێشەکەدا بە 964ى راگەیاند: ئەوەى هەیە کێشەیەکى تەکنیکییە، سیستم کێشەى هەیە و بەرەو چارەسەر دەڕۆین و لەم یەک دوو رۆژە چارەسەر دەبێت.

سیستەمەکە ناوى ئۆراکڵە و هەموو کوردستان بەو سیستەمەوە بەستراوەتەوەوە کراوەتە چەند زۆنێک و هەر ئەدمینێک کە پێى دەوترێت کاشێر بە کۆد و پاسۆردى تایبەتى خۆى دەچێتە ناو سیستەمەکە و داتاکانى زۆنەکەى دەبینێت و دەتوانێت ئیشى تێدا بکات و داتا سەنتەرى سیستەمەکەش لە هەولێرەوە ئیدارەى سیستەمەکە دەدرێت.

بۆ زانینى دروستى کێشەکە، 964 پەیوەندى بە ئارى ئەحمەد، بەڕێوەبەرى گشتى ئاوى هەرێم کرد، رایگەیاند: کێشەکە تەکنیکییە و چارەسەرکراوە، رۆژى دووشەممە زۆنى چوار دەکەوێتەوە کار.
وتیشى،” ئەوەى رویداوە تەکنیکی بووە و پێویست بوو داتاکان یەکلایى بکرێنەوە”.

داهاتى ئاو لە هەڵەبجە، راپەڕین گەرمیان بووەتە سفر

بەهۆى کێشەکەوە، ماوەى یەک مانگە داهات لە سنورى زۆنى چوار کۆنەکراوەتەوە و داهات بووە بە سفر، هەرچەندە ژمێرکارەکانى کۆمپانیا بە ماڵاندا دەگەڕێن و وردبینى بۆ پێوەرەکان دەکەن و ژمارەکان دەخوێننەوە، بەڵام پارە کۆناکەنەوە.

کێشەى بۆ مامەڵەى هاوڵاتییان دروستکردووە

بەهۆى وەستاندنى سیستمەکە، کێشە بۆ مامەڵەى هاوڵاتییان دروستبووە، چونکە ئەگەر کەسێک خانوى کڕیبێت یان فرۆشتبێتى ئەوا ناتوانێت مامەڵەى ئاو بکات و ناوى خاوەندارێتى ئاو بگۆڕێت، یان ئەستۆ پاکى بکات، چونکە پارەى 5 ساڵ و دوو مانگ لاى کۆمپانیایە و پارەى پێش ئەو پێنج ساڵەش کە پێش 2018یە، لاى فەرمانگەکانى ئاوە، بۆیە بەهۆى ئەو کێشەیەوە مامەڵەى ئەستۆپاکى ئاو وەستێنراوە.

کۆمپانیاکە موچەى کارمەندەکانى بۆ نیوە کەم کردووەتەوە

964 لە زارى سەرچاوەیەکى ئاگادارەوە زانیویەتى، کۆمپانیاکە موچەى کارمەندەکانى کەم کردووەتەوە، بۆنمونە کارمەندێکى ژمێرکار بە موچەى 450 هەزار گرێبەستى کردووە، دواتر موچەکەیان بۆ 350 هەزار کەم کردووەتەوە و بەهۆى وەستاندنى کۆکردنەوەى کرێى ئاو لەو مانگەدا، جارێکى دیکە کۆمپانیاکە موچەى کارمەندەکانى کەم کردووەتەوە و ئێستا ژمێرکارێک 175 هەزار دینار وەردەگرێت، ئەوە جگە لەوەى چەند موچەیەکى پێشترى کارمەندان تائێستا نەدراوە.

سۆران عەلى، بەڕێوەبەرى زۆنى راپەڕین لە کۆمپانیاى ئۆرانۆس دەڵێت، “بە مافى خۆمانى دەزانین پێداچونەوە بە موچەى کارمەندەکانمان بکەین، کۆمپانیا لە 2018ـەوە ئیش دەکات، چوار بۆ پێنج ساڵە یەک بۆ دوو سلفەى وەرگرتووە، ئینجا کە لە زەرەرداین بە مافى خۆمانى دەزانین پێداچونەوە و رێکخستنەوە بە ئیشەکانى خۆماندا بکەین”.

یەکێک لەو کارمەندانەى کۆمپانیاکە کە ئێستا وازى لە کارکردن هێناوە و نەیویست ناوى بهێنین بە 964ى وت،”لە ساڵى 2020 کۆمپانیاکە شەش موچەی پێ نەداوین، بۆیە بەشێکمان وازمان لە ئیش هێنا، دواتر لە ساڵى 2023 سێ موچەیان بۆ گەڕاندینەوە، بڕیار بوو هەر دوو مانگ جارێک موچەیەکى دیکەشمان بۆ بگەڕێننەوە، بەڵام ئێستا سێ موچەمان لاى ئەوان ماوە و دەستمان لێى شۆردووە”.

کەمئاوی راپەڕین بەرەو کوێ؟

کەمئاوی راپەڕین بەرەو کوێ؟