تێچووی چاککردنەوەی پێوەری ئاو لە نرخی کڕینی نزیک دەبێتەوە
“نایاساییە و هەواش دەخوێنێتەوە”
میدیازان – پێشەوا محەمەد – سلێمانی
تێچووی چاککردنەوەی پێوەری ئاوی ماڵان لە شاری سلێمانی لە نرخی کڕینی نزیک دەبێتەوە، ئەوەش لەکاتێکدایە لە شەش کۆمپانیای دابینکەری ئەو پێوەرەدا تەنها یەکێکیان وەرشەی هەیە.
زیاد کاکە ڕەزا، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی بە میدیازانی ڕاگەیاند: شەش کۆمپانیا پێوەری ئاوی ماڵان دادەنێن، بەڵام تێچووی چاککردنەوەی ٢٥ هەزار دینارە، لە کاتێکدا کڕینەکەی ناگاتە ٤٠ هەزار دینار. لەبەرئەوەی تەنها یەک کۆمپانیا وەرشەی هەیە.
پێوەری ئاوی ماڵان لە ساڵی ٢٠١٨ـەوە بە بڕیاری بەڕێوەبەرایەتیی ئاو و ئاوەڕۆکانی هەرێم دادەندرێت، بەڵام بەردەوام جێی ڕەخنە و ناڕەزایەتیی هاووڵاتییان بووە.
دابان محەمەد، پەرلەمانتاری پەرلەمانی کوردستان بۆ میدیازانی ڕوون کردەوە، دانانی پێوەری ئاوی ماڵان نایاساییە و پێویستە خەڵک داینەنێت و پێوەی پابەند نەبێت، ئەوە سەرەڕای ئەوەی ئەو پێوەرە کوالێتیی باش نییە و نرخەکەی زۆرە و هەواش دەخوێنێتەوە.