ئەوانەی نەگەڕاونەتەوە دەبێت پارەکە بگەڕێننەوە
بەشێک لە خوێندکارانی تواناسازی 30%ى پارەکەیان بۆ خەرجدەکرێت
964+
وریا فەتاح
دواى ئەوەى دوێنێ یەکشەممە، وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بڕیاریدا بە خەرجکردنى بڕى 900.775 هەزار دۆلار بۆ کاندیدان و دەرچوانى تواناسازى، 964 میکانیزمى دابەشکردنی ئەو پارەیە روندەکاتەوە.
عەباس ئەکرەم، وتەبێژى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەی زانستی بۆ 964 قسەیکردووە دەڵێت، ئەو پارەیە دەدرێت بەوانەی دواى پاکتاوى دارایى هیچ بڕە پارەیەکیان وەرنەگرتووە و حکومەت زیاتر لە 10 هەزار دۆلار قەرزداریانە.
وتەبێژى وەزارەتى خوێندنى باڵا ئەوەشی وت، ئەوانەى ناویان لە لیستەکەدان 30%ى یان بۆ خەرج دەکرێت، واتا ئەگەر حکومەت بڕى 10 هەزار دۆلارى خوێندکارێک یان دەرچویەکى تواناسازى لابێت، لەو قەرزە 30%ـى بۆ خەرج دەکرێت.
نزیکە یەک ملیۆن دۆلار بۆ دەرچووان و کاندیدانى تواناسازى خەرج دەکرێت
چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەو خوێندکارانەى تواناسازى دەکرێت کە نەگەڕاونەتەوە هەرێم؟
عەباس ئەکرەم دەڵێت،” ئەو سودمەندانەى خوێندنیان تەواو کردووە و نەگەڕاونەتەوە هەرێمى کوردستان و لە وڵاتانى دیکە داواى مافى پەنابەرێتیان کردووە، تەواوى پارەکەیان لێوەردەگیرێتەوە، ئەوانەشى نەیانتوانیوە خوێندنەکەیان تەواو بکەن و گەڕاونەتەوە، بەهەمان شێوە ئەو پارەیەیان لێوەردەگیرێتەوە کە بۆیان خەرجکراوە.