پلانێکی نهێنی ئەمریکا و ئیسرائیل هەیە

بە گازی ژەهراوی هێرش دەکرێتە سەر تونێلەکانی حەماس

964+

ژووری هەواڵ

ئەمریکاو ئیسرائیل بیریان لەوە کردووەتەوە بەر لەوەی هێرشی زەمینی بۆ سەر حەماس ئەنجام بدەن، هەموو ئەو تونێلانەی حەماس کە دەستنیشانیان کردووە پڕ بکەن لە گازی ژەهراوی، بۆ ئەوەی خۆیان لە مەترسی بۆسەی تونێلەکان بپارێزن و بارمتەکان رزگار بکەن.

ئەم زانیارییانە وێبسایتی (میدڵ ئێست ئای)  لەسەرچاوەیەکی ئەمەریکییەوە دەستی کەوتووە، هەرچەندە سایتەکە دەڵێت ناتوانین بە تەواوەتی راست و دروستی زانیارییەکان بسەلمێنین.

بەپێی پلانەکە هێزی دەلتای ئەمریکی پێش ئەوەی هێرشەکان بکەن گازی کیمیایی و گازی ئەعساب دەکەنە ناو ئەو تونێلانەی دەستنیشانیان کردووە.

سەرچاوەکە دەڵێت بڕێکی زۆر گازی ئەعساب دەڕژێننە ناو تونێلەکانەوە، ئەو گازەش بەر هەر کەسێک بکەوێت یان هەڵیبمژێت بۆ ماوەی شەش بۆ 12 سەعات لە پەل و پۆی دەخات.

مەترسی گازی ئەعساب ئەوەیە ئەگەر لە ماوەی دوو بۆ 10 خولەک فریای کەسەکە نەکەون ئەوا ئەگەری بەهێز ئەوەیە بمرێت، چونکە ماسولکەی دەوروبەری سییەکانی لەکار دەکەوێت و توانای هەناسەدانی نامێنێت.

سەرچاوەکە وتوویەتی، ”لەو ماوەیەدا هێزێک دەچنە ناو تونێلەکان و هەزاران چەکداری حەماس دەکوژن و دیلەکان رزگار دەکەن”.

بۆ ساغکردنەوەی ئەم زانیارییە سایتی میدڵ ئێست ئای پەیوەندی بە کۆشکی سپی و وەزارەتی بەرگریی ئەمریکاوە کردووە، بەڵام هیچ وەڵامێکی دەست نەکەوتووە.

سایتەکە ئاماژەی بەوەش کردووە کە باسکردن لە هێرشی زەمینی تەنیا بۆ ئەوەیە سەر لە حەماس بشێوێنن و زوو هێزێکی تایبەت پەلاماری تونێلەکان بدات و ئەو 220 دیلە ئیسرائیلییە ئازاد بکات کە لەلای حەماسن.

بۆ قۆناغی پاش ئەوەش ئەمریکا چەند ژەنەراڵێکی سەربازی ناردووەتە ئیسرائیل کە هەموویان شارەزای شەڕی کۆڵانەو کۆڵانن.

دوێنێ شەو 100 ئامانجی حەماس بۆردومان کراون

دوێنێ شەو 100 ئامانجی حەماس بۆردومان کراون