منداڵێکی توشبووی ئۆتیزم راهێنانی پێدەکرێت _ وێنە: بۆ 964 نێردراوە
بەڕێوەبەرایەتییەکیش کرایەوە
توشبووانی ئۆتیزم لە سەیدسادق راهێنانیان پێدەکرێت
964+
هاوبەش ئەبوبەکر
بەڕێوەبەرایەتی چاودێری کۆمەڵایەتی لە سەیدسادق کرایەوە و وەزارەتی کار دەڵێت، چیتر هاوڵاتیانی سنورەکە سەردانی سلێمانی ناکەن و لەوێ مامەڵەکانیان جێبەجێدەکرێت و ئاسانکاری تەواویان بۆ دەکرێت.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 26.10.2023، ئاریان ئەحمەد، وتەبێژی وەزارەتی کارو کاروباری کۆمەڵایەتی بە 964ـی راگەیاند، لە مەراسیمی کردنەوەی بەڕێوەبەرایەتییە نوێیەکەدا، وەزیر وتویەتی، 40 منداڵی توشبووی ئۆتیزم لە سنوری سەیدسادق ناویان تۆمارکردووە و سەنتەرێکی راهێنانی شایستەیان بۆ دەکەینەوە.
لەبارەی ئەو خولانەی کە لە سەنتەرەکانی راهێنان و چاکسازییەکاندا رێکدەخرێن، ئاریان ئەحمە وتی، 54 هەزار و 354 منداڵ و ژن لە رێگەی 27 سەنتەرەوە خول و راهێنانیان بینیوە.
خولەکان بریتی بوون لە؛ کۆمپیوتەر، کارەبا، دورمان، دەلاکی، چاککردنی مۆبایل، پێگەیاندنی دادە بۆ باخچەکان و بازاڕگەری.
بە پێی زانیارییەکانی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، لە هەرێمی کوردستان سێ هەزار و 561 کەیسی توشبووی ئۆتیزم تۆمار کراون.
نزیکەی چل سەنتەری تایبەت هەن و لە هەریەکە لە پارێزگاکانی سلێمانی، هەولێر، دهۆک و ئیدارە سەربەخۆی راپەڕین سەنتەری ئۆتیزمی حکومی هەیە.