لە حەویجە شەڕە و لە کەرکوک هێز بڵاوەی پێکراوە

964+
ژوری هەواڵ

جارێکی دیکە هەمەڕی سەربازی لە گەڕەکی رەحیماوە بڵاوەی پێکراوە، لە لایەکی دیکەشەوە دژە تیرۆری عێراقی و چەکدارانی داعش رووبەرووی یەکتر بوونەتەوە.

ئەمڕۆ سێشەممە لە دوای خۆپیشاندانەکانی مانگی ئەیلولی رابردوو، جارێکی دیکە هەمەڕی سەربازی سەر بە سوپای عیراق لە گەڕەکی رەحیماوە بڵاوەی پێکراوە،.

به‌ پێی ئه‌و ڤیدیۆیانه‌ی ده‌ست 964 كه‌وتووه‌، هه‌مه‌ڕه‌كان له‌ گه‌ڕه‌كی ره‌حیماوه‌، به‌ دیاریکراوی له‌ فلکەی ئیخوان و بەردەم هۆڵی پرسەی کاکەڕەش، سەر گەراجی پاسەکانی رەحیماوە و بەردەم بنکەی پۆلیسی رەحیماوە و بە هەردوو دیوی بەنزینخانەی ئەندەلوس بڵاوەیان پێکراوە.

له‌ لایه‌كی دیكه‌وه‌، له‌ کاتی راوەدونانی چەکدارانی داعش لە سنووری قەزای حەویجە لە لایەن دژە تیرۆری عێراقەوە، رووبەڕووبوونەوە دروست بووە.
سەرچاوەیەکی سەربازی لە سوپای عێراق بە 964ـی وت، ئەو هێزەی بڵاوی پێکراوە لە گەڕەکی رەحیماوە، لە چوارچێوەی پلانی سەربازی سوپایە بە شێوەیەکی کاتی بڵاوەیان پێ کراوە، بە هیچ شێوەیەک پەیوەندیان بە هاتوچۆ و کاری هاوڵاتیانەوە نییە، هەرکات بڕیار بێت دەکشێنەوە.

بە پێی سۆراغی 964 ئێستا لە گوندێکی سنووری قەزای حەویجە دژە تیرۆری عێراقی و چەکدارانی داعش رووبەڕووی یەکتر بوونەتەوە و تا ئێستا شەڕ بەردەوامە، بە پێی ئەو زانیارییانەی دەست 964 کەوتووە، شەڕەکە ئەو کاتە دروست بوە دژە تیرۆری عێراقی سەرقاڵی هەڵمەتێکی گەڕان و پشکنین بوون، تا ئێستاش ئەنجامی شەڕەکە و هەڵمەتەکە رانەگەیاندراوە.

پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا