ئەمبوڵانسەکانی سلێمانی بەنزینیان تێکرا

964+

ئەحمەد مستەفا – سلێمانی

بۆ پێشوازیکردن لە ساڵی نوێ لە سلێمانی، تەندروستی شارەکە 25 ئەمبوڵانس و تیمی تەندروستی پێکھێناوە، بەجۆرێک 11 تیمیان لە بنکەی سەرەکی لە ئیشکگریدا دەبن و سەرجەم تیمەکانی دیکە لەناو سەنتەری شارەکە دابەشدەبن.

964+ دەزانێت، بۆ شەوی سەری ساڵ لە سلێمانی، دەستکراوە بە رازاندنەوەی تەواوی شاڕێی سالم، چەند شوێنێکی شەقامی بازنەیی مەلیک مەحمود و سەر پرد و ئەندەرپاسەکان، ھاوکات دوو کۆنسێرتی گەورە لە شەوانی 30 و 31 ی کانونی یەکەم بە بەشداری چەندین هونەرمەند، گروپی هەڵپەڕکێ و چەند باندێکی مۆسیقای شەقام بەڕێوەدەچن.

سامان شێخ لەتیف، وتەبێژی تەندروستی سلێمانی بە +964ی وت، لە چوارچێوەی ئامادەكارییەكان بۆ هاتنی سەری ساڵی نوێی زاینی، سەرجەم تیمە تەندروستییەكان دەخرێنە حاڵەتی ئامادەباشی بۆ شەوی سەری ساڵی نوێ.

‎ وتیشی، بەپێی ئامادەکارییەکان و پلانی تەندروستی شارەکە، سێ تیمی تەندروستی ئامادەییان دەبێت لە بەردەم ماجدی مۆڵ و فامیلی مۆڵ، ھەروەھا لای باخی گشتی دوو تیمی تەندروستی لێدەبێت و دوو تیمی تەندروستیش لە بەردەم باخی نالی دەبن و لە شەقامی سالم و سەهۆڵەكە سێ تیمی تەندروستی لێدەبێت، ھاوکات لای باڵەخانەی شارەوانی سلێمانی دوو تیمی لێدەبێت و لە سەرچنار دووتیمی لێدەبێت.

بەپێی قسەی سامان شێخ لەتیف، 11 تیم لەسەنتەری فریاكەوتنی خێرای ژمارە 122 لەئیشکگردا دەمێننەوە، هاوكات لە سەری ساڵی نوێ تیمە تەندروستییەكان لە سەرجەم نەخۆشخانە و بەشی فریاكەوتن لە حاڵەتی ئامادەباشیدا دەبن و هاوڵاتیان دەتوانن لە كاتی حاڵەتە لەناكاوەكان پەیوەندی بكەن بە سەنتەری فریاكەوتنی خێرا.

سەنتەری فریاکەوتنی خێرای سلێمانی، چەند جارێک بەھۆی نەبوونی بەنزین، نەیانتوانیوە بەدەم داواکاری ھاوڵاتییانەوە بچن، وتەبێژی تەندروستی سلێمانی ئاماژەی بەوەکرد، “بەنزینی پێویست بۆ ئەمبوڵانسەکان دابیندەکرێت”.