لە چەند کۆلیژ دەتوانن بخوێنن؟

خوێندکارانی نابینا بە نمرەی 50 لەزانکۆی سەڵاحەدین وەردەگیرێن

964+

شۆڕش عەبدوڵا – هەولێر

ئەمساڵ بڕیاردراوە لە زانکۆی سەڵاحەدین هەموو ئەو خوێندکارانەی نابینان و پۆلی 12-یان بڕیووە وەربگیرێن.

یادگار کەریم، سەرۆکی کۆمەڵەی نابینایان بە 964ی وت، “ماوەی چەندین ساڵە، رێکەوتنێک لەنێوان ئێمە و زانکۆی سەلاحەدین هەیە، هەر خوێندکارێکی نابینا نمرەی 50 یان لەو نمرەیە بەرەو سەرەوە بهێنێت لەو زانکۆیە وەردەگیرێت، چونکە ئاسانکاری و رێخۆشکەرە بۆ زیاتر گرنگیدان بە توانای نابینایان”.

سەرۆکی کۆمەڵەی نابینایان ئاماژەی بەوەشکرد، “لەبەرئەوەی خوێندکاری نابینا ناتوانێت لە بەشی زانستی بخوێنێت، وەک قەرەبوو بڕیاردراوە لەبەشی زانستە مرۆڤایەتیەکان شوێنیان بۆ بکرێتەوە”.

ئەو خوێندکارە نابینایەی ئارەزووی خوێندنی هەبێت، لە یەکێتی نابینایانی کوردستان پشتگیریەک دەبات بۆ زانکۆی سەڵاحەدین، ئەو بەشانەی وەک بژاردە بۆی دادەندرێت، کۆلیژی شەریعە، کۆلیژی ئاداب، کۆلیژی زمان و نمرە بەرزەکان کۆلیژی یاسایان بۆ پێشنیاز دەکرێت، یادگار کەریم وای وت.

سامان عەبدوڵا، بەرپرسی راگەیاندنی زانکۆی سەلاحەدین بۆ 964 پشتڕاستی ئەو زانیاریەی کردەوە و دەلێت، “ئەوەی زانیاریم هەیە، ئەمساڵ خوێندکارێکی نابینامان هەیە لەکۆلێژی یاسایە”.

بەپێی ئەو رێکەوتنەی لەنێوان یەکێتی نابینایان و زانکۆی سەڵاحەدین هەیە، هەر نابینایەک بیەوێت سوود لەم ئاسانکارییە وەربگرێت، دەبێت رێژەی نابینایی %90 کەمتر نەبێت.

بەگوێرەی ئاماری کۆمەڵەی نابیانیان بێت، چوار هەزار ئەندامی نابینا و کەمبین، لەسنووری هەولێر، دهۆک و سۆران هەن

پێداچوونەوە: فەهمی نەبی

لە هەولێر نابینایان بێ گرفت و بەتەنیا دەتوانن لەبازاڕ ...

لە هەولێر نابینایان بێ گرفت و بەتەنیا دەتوانن لەبازاڕ رێ بکەن