ورد و درشتی درکاند
ئەندامێکی لیژنەی دارایی نهێنی سەردانی شاندەکەی هەرێم ئاشکرا دەکات
964+
هاوبەش ئەبوبەکر
ئەندامێکی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە بارەی سەردانی شاندەکەی هەرێم بۆ بەغدا رایگەیاند، گفتوگۆکراوە کە هەژماری بانکی بۆ موچەخۆرانی هەرێم بکرێتەوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە 18.10.2023، نەرمین مەعروف، ئەندامی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە 964ـی راگەیاند، لە وەڵامی ئەو پرسیارانەی کە لیژنەکە رووبەڕوویان کردوونەتەوە، شاندی هەرێمی کوردستان راپۆرتێکی دوو لاپەڕەییان پێشکەشکردووە کە “زانیاری زۆر ورد و گرنگی تێدابووە سەبارەت بە داهات و خەرجییەکانی حکومەتی هەرێم”.
شاندەکەی هەرێم پێکهاتبوون لە ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری، ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران، ئامانج رەحیم، سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران و عەبدولحەکیم خەسرەو، سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون و ژمارەیەک راوێژکار.
“شاندی هەرێم وەڵامی زۆرێک لەو پرسیارانەیان دایەوە، کە ماوەیەکی زۆر ببوونە مایەی مشتومڕ لە نێوان هەولێر و بەغدا، جۆرێک لە متمانە دروستبوو لەلایەن لیژنەی دارایی لە بارەی داهات و خەرجییەکانی هەرێمی کورستان”، نەرمین مەعروف وای وت.
وەزیری دارایی هەرێم لە بەغداوە باسی 700 ملیار دینارەکە دەکات
بە وتەی ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی، کۆدەنگی هەبوو پرسی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم یەکلابکرێتەوە و بەدەر بکرێت لە هەموو خەرجی و داهاتەکانی دیکە، ئەمەش دوای ئەوەی حکومەتی هەرێم داتای و ژمارەی دروستی لە بارەی فەرمانبەران و خانەنشینان داوەتە بەغدا.
“دوای ئەم پرۆسانە، بڕیارە هەژماری بانکی بۆ موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بکرێتەوە و لە رێگەی ئەو بانکانەی کە هەردوولا لەسەریان رێکدەکەون فەرمانبەران و خانەنشینانی هەرێم موچەکانیان وەربگرن هاوشێوەی فەرمانبەرانی حکومەتی فیدراڵ”، نەرمین مەعروف وای وت.
ئەمڕۆ چوارشەممە شاندێکی هەرێمی کوردستان لە بەغدا لەگەڵ لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق کۆبوونەوە.