کاڵاکانی شاخیان دەرکردووە


964+
توانا نەقی – هەولێر

لە سلێمانی دەستگیراوە بەسەر کۆگایەکدا، کاڵای تێدا بووە کە هەشت ساڵە بەسەرچووە، کەچی کابرا هەر خەریکی فرۆشتنیان بووە.

لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامیەتی سلێمانی دەستیان بەسەردا گرتووە، کۆگاکە 40 تۆن کاڵای تێدا بووە.

رێکان جەمال، سەرۆکی لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامییەتی سلێمانی بە 964+ی وت، کاڵاکان پێکهاتوون لە شامپۆ و هەموو جۆرەکانی دایبی و کەرەستەی پاککەرەوە، کە تێیاندایە دوو تا چوار ساڵە بەسەرچووە و بەشێکیشیان هەشت ساڵە بەسەرچوون.

بەهۆی زۆری کاڵاکانەوە کە نزیکەی ٤٠ تۆن دەبێت، دوو لیژنەی تر دروستکراون بۆ جیاکردنەوەیان، خاوەنەکەی پێنج کۆگای تری هەیە و دەبێت بەدواداچوون بۆ هەمووی بکرێت، رێکان جەمال وا دەڵێت.

ئەو بەرپرسە وتی، رۆژانە وەکو لیژنە هاوبەشەکان بەدوادچوون بۆ زۆر جێگە دەکەن، بەڵام دەستبەسەرداگرتنی کۆگایەکی لەو شێوەیە تووشی شۆکی کردوون و حاڵەتەکە دەگمەنە.