رێگا کرایەوە و بەڵێنیان پێدرا
ئیتر جوتیارانی مەخمور دەتوانن بنەتۆو ببەن
964+
ئەحمەد شەمزین – مەخمور
پاش نزیکەی پێنج کاتژمێر لە گردبوونەوەی جوتیاران و داخستنی رێگای هەولێر – مەخمور لە نزیک بازاڕگە، بە بەڵێنێک رێگای چوون و هاتن کرایەوە.
جوتیارانی مەخمور رێگاکەیان گرتبوو، ئەوان رێگەیان پێ نەدەدرا بنەتۆو و پەینی کیمیایی ببەن بۆ مەخمور.
رزگار محەمەد، قایمقامی قەزای مەخمور ئەمڕۆ یەکشەممە 15.10.2023 بە 964ی وت، “لەگەڵ پارێزگاری موسڵ و فەرماندەی هێزەکانی پارێزگاکە قسەمان کردووە تا لە هەموو بازگەكانی مەخمور رێگە بە هاتنی پەیین و بنەتۆو بدەن”.
ئەوەشی وت، “لێکتێگەشتنێک هەیە، کە هەر هیچ نەبێت لەم مانگەدا رێگری نەکرێت لەوەی جوتیارانی مەخمور بنەتۆو و پەیینی کیمیایی لە هەولێرەوە هاوردە بکەن”.
جوتیارانی مەخمور بنەتۆویان نییە و جادەیان گرت
بە وتەی قایمقامی مەخمور بێت، ئەگەر هەیە لە رۆژانی داهاتوودا بڕیارەکە جێبەجێ بکرێت، بە گوێرەی سۆراغی 964 بەشێك لە خۆپیشاندەران باس لەوە دەكەن ئەگەر 10 رۆژی دیکە چارەسەر نەکرێت، دیسانەوە رێگاکە دەگرنەوە.
بەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە جوتیارانی مەخمور، لە بازاڕگەی نێوان هەولێر بۆ مەخمور گردبوونەوە، پەیامنێرمان لە شوێنی گردبوونەوەکە، چونکە وەک خۆیان وتیان، سەرەڕای ناجێگریی دۆخی ئەمنی، رێگەیان پێ نادرێت بنەتۆو بە خواستی خۆیان هاوردە بکەن و ئەوەش ئەوانی نیگەران کردووە.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا