بە نیازن سەربازگەکە بگرن
سوپای عێراق بە دیوار و راگرەوە چووەتە تۆپزاوا
964+
کاروان ساڵحی – کەرکوک
هێزێکی ئەمنی سەر بە سوپای عیراق، بە هەمەڕی سەربازی و چەکەوە، چوونەتە سەر سەربازگەی تۆپزاوە، هاوڵاتییەکی ئەو گوندە بە 964ی وت، “دیواری کۆنکرێتیان هێناوە”.
ئەمە سێیەمین جارە سوپای هێز دەهێنیتە نێو ئەو سەربازگەیە، بە گوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری 964 بێت، لە کەرکوک هێزەکان سەر بە فیرقەی 11ی سوپای عێراقن، بە خەڵکی گوندەکەشیان وتووە، ئەمجارە فەرمانی گرتنی سەربازگەکە بە تەواوی جێبەجێ دەکەن.
ئەمڕۆ یەکشەممە 15.10.2023، ساتع کەرکوکی دانیشتوی گوندی تۆپزاوە بە 964ـی وت، “ئێستا نۆ ئۆتۆمبێلی سەربازی (هەمەڕ) لەگەڵ چەند ئۆتۆمبێلێکی بارهەڵگری سەربازی سەر بە سوپای عیراق لە ناو گوندەکەدان و بە دیاریکراوی لە ناو سەربازگەی تۆپزاوەن”.
بە وتەی ئەو هاوڵاتییە بێت، ئەو هێزانە لەگەڵ خۆیاندا (دیواری کۆنکرێتی)یان بۆ دروستکردنی راگرێک بە چوار دەوری سەربازگاکەدا هێناوە.
سەربازگەی تۆپزاوا ناوەندی قڕکردنی کوردەکان
پەیامنێری 964 لە ناوچەکە، سۆراغی کرد، کەسایەتی و دانیشتووانی گوندەکە پەیوەندییان لە گەڵ بەرپرسانی کوردی شارەکە ئەنجامداوە و داوایان کردووە، “رێگری بکەن لەو هەوڵە بکرێت بۆ کۆنتڕۆڵکردنی سەربازگەکە”.
سەربازگەی تۆپزاوە دەکەوێتە ناو گوندی تۆپزاوە و سەر بە ناحیەی یایچیە، تەواوی دانیشتووانەكەی كوردن و دەكەوێتە باشووری خۆرئاوای كەركوك بە دووریی 11 كیلۆمەتر.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا