ژینگەپارێزێکی شارەوانی حاجیاوا مەنهۆڵی شەقامێک پاک دەکاتەوە - وێنە: شارەوانی حاجیاوا
داوا لە شارەوانییەکان دەکرێت بەربەستی رێڕەوییە ئاوییەکان لاببەن
964+
پێشەوا محەمەد
لەگەڵ نزیکبوونەوە لە وەرزی بارانبارین و ئەگەری دروستبوونی لافاو، وەزارەتی شارەوانی داوا لە سەرجەم شارەوانییەکان دەکات هەر بەربەستێک لە بەردەم رێڕەوە ئاوییەکانە لاببرێن.
نووسراوەکەوەی وەزارەتی شارەوانی بە دیاریکراوی باسی لە بەربەستی نایاسایی کردووە، کە لە هەرشوێنێک دروستکرابێت دەبێت لاببرێت.
ساڵانە لە وەرزی بارانباریندا لە ناوچەی جیاوازی شار و شارۆچکەکانی هەرێم لافاو دروست دەبێت و هەندێ جار کارەساتی دڵتەزێنی بەدواوە بووە.
ئاوات عەزیز، بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکانی شارەوانییە گشتییەکانی سلێمانی بە 964ـی راگەیاند، بڕیارەکەی وەزارەتی شارەوانی بۆ دوورخستنەوەی مەترسییەکانی لافاوە لە ناوچە جیاوازەکانی هەرێم.
وتیشی، “لە سنووری شارەوانییەکانی سلێمانی بە چڕی کار لەسەر ئەوە دەکرێت و ئەمساڵ لەناو سلێمانی و دەوروبەری گەرەنتی کۆنەبوونەوەی ئاو کراوە بەتایبەت لەو شوێنانەی ساڵانی پێشوو ئاوی تێدا کۆدەبووەوە”.