چارەنووسیان نادیارە
هێشتا بە سەدان تاکسی سوور و سپی لە سلێمانی ماون
964+
دیلان محەمەد جەزا – سلێمانی
ئەگەرچی پرۆسەی لێدانی لۆگۆی تاکسی بەردوامی هەیە، بەڵام هێشتا بۆ تاکسی سوور و سپی هیچ رێنماییەک نییە.
لەشاری سلێمانی تا ئێستا 500 تاکسی سوور و سپی شێوازی کۆن هەیە، لەساڵی 2009 پرۆسەی هێنانی تاکسی کوردستان بوو بە جێگرەوەی ئەو دوو رەنگە، بەڵام پرۆسەی لێدانی لۆگۆی تاکسی بۆ ساڵی 2017 دەگەڕیتەوە.
سدیق محەمەد بەڕێوەبەری گواستنەوەی سلێمانی بە 964ی وت، “نوسراومان کردووە بۆ وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن، بۆ دیاریکردنی چارەنوسیان، بەڵام تا ئێستا وەڵاممان نەدراوەتەوە”.
بەوتەی سدیق محەمەد، تا ئێستا 24 هەزار و 380 تاکسی فۆڕمیان پڕ کردۆتەوە، لەو رێژەیەش 15 هەزار و 761 تاکسی ناو شار لۆگۆیان لێداوە و ئەوانەشی تاکسیەکانی دەرەوەی شارن تا ئێستا 1990 تاکسی لۆگۆیان لێداوە، ئەوەش بۆ جیاکردنەوەیانە لەگەڵ تاکسیەکانی ناو شار.
ئامارەکانی هاتوچۆی سلێمانی، لەشاری سلێمانی زیاتر لە 27 هەزار تاکسی هەیە، تا ئێستا 24 هەزار و 380 تاکسی فۆڕمیان بۆ لێدانی لۆگۆ پڕکردووەتەوە.
لە 15.7ی ئەمساڵەوە وادەی لێدانی لۆگۆی تاکسی تەواو بووە، ئەگەرچی پرۆسەکە بەردەوامە، بەڵام هەر تاکسیەک بکەوێتە ناو مەفرەزەکانی هاتوچۆ ئەگەر لۆگۆی لێنەدابێت وەسڵێکی 40 هەزار دیناری بۆ دەکەن.
پێداچوونەوە: فەهمی نەبی